
هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکان و بێهیوابوونی دەوڵەتی ئەمریکا لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، چەند سەرچاوەیەک باسیان لە چوونەدەرەوەی کارمەندانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد و بەشیکی زۆر لە سەربازانی ئەم وڵاتە و بنەماڵەکانیان لە ناوچەکەدا کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز و ئاسۆشەیتێد پرێس لە زاری چەند سەرچاوەی ئاگادارەوە، ئەمریکا ڕێگەی بە بنەماڵەی سەربازانی ئەمریکایی لە بەحرەین و کوەیت داوە کە ئەم وڵاتە بۆ ماوەیەکی کاتی بەجێ بهێڵن.
ڕۆیتێرز زیادی کردووە کە واشینگتۆن بەهۆی گرژبوونەوەکان و زیادبوونی مەترسییەکان لە ناوچەکەدا، خەریکی بردنەدەرەوەی بەشێک لە کارمەندەکانی خۆی لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدادە.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستی کردووەتەوە کە بڕیاری کەمکردنەوەی دیپلۆماتەکانی خۆی لە عێراقی داوە و پیت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە ڕێگەی بە بنەماڵەی سەربازانی ئەمریکایی لە ناوچەکە داوە تاکوو بە شێوەی دڵخواز ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەجێ بهێڵن.
لەلایەکی دیکەوە کاناڵی ئەلعەرەبییە ڕایگەیاندووە کە هاوکات لەگەڵ بێهیوایی واشینگتۆن لە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ تاران، ڕێژەی هێزەکانی ئەرتەشی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.
بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی، ئەم بڕیارانە بەهۆی هەڵسەنگاندنی نوێی کۆشکی سپی لە چڕبوونەوەی مەترسییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا گیراوە.
جێی ئاماژەیە کە وەزیری بەرگریی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان، هەڕەشەی لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرد.
عەزیز نەسیرزادە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر وتووێژە ناوکییەکان ناسەرکەوتوو بێت و تێکهەڵچوونێک بێتە ئاراوە، کۆماری ئیسلامی هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغداد هێشتا بە شێوەی ئاسایی چالاکییەکانی خۆی ئەنجام ئەدات و چەند سەرچاوەی ئاگاداریش ڕایانگەیاندووە کە چوونەدەرەوەی هێندێک لە فەرمانبەرانی دەرەکیی باڵوێزخانەی ئەمریکا، بەشێک لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ترامپ بۆ کەمکردنەوەی تێچووە ئابوورییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە و تەنیا تایبەت بە بەغداد نییە و لە هەموو باڵوێزخانەکانی ئەمریکا لە جیهاندا ئەنجام ئەدرێت.