کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا بەشیک لە هێزەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکشێنێتەوە

11:38 - 22 جۆزەردان 2725

سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند، بەهۆی نیگەرانیی ئەمنییەتی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆڵ دەکەن.

ترامپ لە وڵامی پرسیاری هەواڵنێران لە واشگنتۆن سەبارەت بەم پێشهاتانە وتی: ''ئەوان دەکشێنەوە، چونکە ناوچەکە ئەگەری هەیە مەترسیدار بێت.''

ناوبراو وتی: ''ئێمە ئاگادارمان کردنەوە کە پێویستە چۆڵی بکەن و ئێستا بزانین چی ڕوو دەدات.''

پێشتر بەرپرسێکی ئامریکایی ڕایگەیاندبوو، بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە ژمارەی پێرسۆنێلەکان کە لە باڵیۆزخانەی عێراقدا ئامادە بوون کەم بوونەتەوە، هەروەها کارمەندان و بنەمای نیزامییەکان لە کوێت و بەحرەین دەگوازرێنەوە.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری کەمکردنەوەی پێرسۆنێلی نوێنەرایەتی دیپلۆماتیکی ئەو وڵاتە لە عێراق لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی نوێی ئەمنییەتی دراوە.

لەلایەکی دیکەوە کاناڵی ئەلعەرەبییە لە زاری سەرچاوەی تایبەتەوە ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا دوای کشاندنەەوەی بەشێک لە هێزەکانی لە سووریە، بوونی سەربازیی خۆی لە هەولێری پێیتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق زیاد کردووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن هەوڵەکانی ترامپ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران وەستان و هەواڵگریی ئەمنییەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران ئامادە دەکات.

هەروەها ڕۆژنامەی ''واشنگتۆن پۆست'' ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی هەواڵگریی ئەمریکا تا دێت نیگەرانتر دەبن لەوەیکە ئیسرائیل بەبێ ڕەزامەندیی ئەمریکا بڕیار بدات دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران بکاتە ئامانج.

جێگەی ئاماژەیە تاران و واشنگتۆن پێنج خولی دانوستانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکی ئەنجام داوە، بەڵام ئەم دانوستانانە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە.