
ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤، ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکان و ئەنجومەنە ژینگەپارێزی، مەدەنی و شاخەوانییەکانی سنە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە تێکدان و داگیرکردنی کێوی کوچکەڕەش، ڕێپێوانێکیان بەرەو بەرزاییەکانی ئەم کێوە ڕێک خست و بە دروستکردنی زنجیرەیەکی مرۆیی لە کوچکەڕەشەوە بەرەو شاری سنە، ئەم تێکدان و داگیرکارییە چەن ساڵەیان مەحکووم کرد و خوازیاری ڕاگرتنی بوون.
ئەم هەوڵە خەڵکی و مەدەنییە لەژێر ناوی "کوچکەڕەش چاوەڕێمانە"، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە ئەنجومەنە ژینگەپارێزی، مەدەنی و شاخەوانییەکان، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە تێکدان و داگیرکردنی ئەم کێوە مێژووییە ڕێک خرا. بەشداربووان بە بەدەستەوەگرتنی پلاکاردگەلێک، ئەم داگیرکارییەیان مەحکووم کرد.
هەندێک لە دروشم و نووسراوەی سەر پلاکاردەکان بریتی بوون لە:
ـ ئەمجارە داگیرکارانی زەوی چاوی تەماعیان بڕیوەتە کێو و تەپۆڵکەکانی سنە
ـ دەستی تاڵان گەیشتووەتە ڕوخساری کوچکەڕەش
ـ کێوی کوچکەڕەش میراتی مەعنەوی و سەرمایەی نەتەوەیی نەوەکانی داهاتوی ئێمەیە، تێکدان و داگیرکردنی کێوی کوچکەڕەش خیانەتێکی ئاشکرا بە خەڵکی سنەیە.
ـ کوچکەڕيش هێمای ڕەسەنایەتیی شاری سنەیە، تێکی مەدەن
ـ نە بۆ هەر چەشنە بیناسازی و داگیرکارییەک لە کێوی کوچکەڕەش
بەپێی راپۆرتی کوردپا لە ڕابردوودا وادەگەلێک بۆ گۆڕینی کاربەریی دەوروبەری کوچکەڕەش بۆ پارک و پێشگرتن لە هەر چەشنە داگیرکارییەک ڕاگەیەندرابوو، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ساڵ، نەتەنیا ئەم وادە و بەڵێنانە نەچوونەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە بەڵکوو دۆخی ئەم کێوە لە بواری ژینگەیی و شارییەوە بەرەو خراپبوونە.
هاوکات ناوەندگەلێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵیان لە پێدان و پێناسەی کاربەریی ئەم زەوینانەدا هەبووە، ئێستا بە شانۆگەری لە میدیاکان، لە وڵامدانەوە سەبارەت بە ڕۆڵی خۆیان لە تێکدانی وردەوردەی ئەم کێوە خۆ دەبوێرن.