کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان لە ئێران/ برنجی ئێرانی لە ماوەی یەک ساڵدا بە ڕێژەی ٧٠٪ گرانتر بوو

12:24 - 22 جۆزەردان 2725

ڕاپۆرتێکی نوێ کە لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە بە پشتبەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە نرخی کاڵا سەرەتاییەکان لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان دەکات.

بەپێی ئەم ئاماره نرخی برنجی ئێرانی له مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا بە ڕێژه ی ٦٩٪ بە بەراورد لەگەڵ مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو زیادی کردووه و برنجی بیانیش بە ڕێژەی ٣٥٪ زیادی کردووه.

هەروەها نرخی نانیش لە بەرزبوونەوەدایە، بەرپرسی گرووپی کاری نان لە ژووری بازرگانی ئێران وتی: نرخی گەنم بۆ بازرگانی و پیشەسازی لە ماوەی سێ هەفتەدا ١٠ هەزار و ٥٠٠ تمەن زیادی کردووە.

دوابەدوای ناڕەزایەتی نانەواکان لە شارە جیاجیاکان، ڕێژیمی ئێران دەسەڵاتی دانانی نرخی نانی بە نوێنەرەکان لە پارێزگاکان داوە و لیستی نوێی نرخەکان پەسەند دەکرێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت. بەڵام نانەواکانی چەند شارێک پێش ئەوەی بەفەرمی بەرزبوونەوەی نرخەکەی ڕابگەیەنرێت پێشتر نرخی نانیان بەرز کردووتەوە.

لە  ١٨ی جۆزەرداندا میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، ڕایانگەیاندبوو کە نانی سەنگەک کە بە ئاردی نایارانەیی دروست کراوە، بە ٢٥ بۆ ٤٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت، هەروەها نرخی نانی فانتێزی ٣٠ بۆ ١٠٠٪ بەرز بووەتەوە، نانی لەواش بە ١٧٠٠ تمەن و نانی تافتوونیش بە ٢٥٠٠ تمەن دەفرۆشرێت.

بە وتەی بەرپرسانی حکوومی و سەندیکاکانی کرێکاران، بەرزبوونەوەی نرخی نان دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی گەنم، زیادبوونی کرێ و هەروەها حەقدەستی کرێکاران.

تەنیا نرخی نان و برنج نییە کە بەرز بووەتەوە بەڵکوو نرخی کەرەی پاستۆڕیزە بە ڕێژەی ٨٦٪  و پەنیری پاستۆڕیزە بە ڕێژەی ٣٢.١٪ و ماستی پاستۆڕیزە بە ڕێژەی ٤٠.٧٪ و شیری وشک بە ڕێژەی ٥٢.٥٪ بەرز بووەتەوە و هاوکات گۆشتی سوور نزیکەی ٢٠٪ گرانتر بووە و نرخی مریشکی ماشینی بە ڕێژەی ١١.٨٪ بەرز بووەتەوە.

 

لە نێو میوەکاندا ئەو بەرزبوونەوەیە بەردەوامە، سێو و مۆز بە ڕێژەی نزیکەی ٩٠٪؛ پرتەقاڵی نێوخۆیی ٨٢٪ ؛ کاڵەک ٥٤.٩٪ ، و لیمۆ ١٦٦.٤٪ بازدانی نرخیان بە خۆیانەوە بینیوە.

هەروەها داتاکانی ناوەندی ئامار دەریدەخەن کە لە ساڵی ڕابردوودا ڕۆنی شل بە ڕێژەی ٢١.٦٪ و زەیتی ڕووەکی بە ڕێژەی ٢٥.٢٪ و ماکارۆنی بە ڕێژەی ٢٦.٣٪ گرانتر بووە.

پێشتریش ڕاپۆرتی مانگی بانەمەڕی ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندبوو کە لوبیا چیتی زۆرترین بەرزبوونەوەی نرخی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەیە، بە ڕێژەی ٢٠٢٪ نرخی بەرز بووەتەوە و دوای ئەوە نرخی میوە بەرزترین بەرزبوونەوەی نرخی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەبووە و لە ماوەی یەک ساڵدا بە ڕێژەی ١٣٩٪ بەرز بووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی ئاماری ناوەندی ئامار لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە ئێراندا گەیشتووەتە ٣٨.٧٪ و ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە بەپێی ئەو ئامارانە، ئەو نرخە دوورە لە ڕاستی و لانیکەم بەرزبوونەوەی نرخی ٢١ جۆر کەلوپەل لە ئاستی نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ زیاترە.

ئەم ئامارە فەرمییانە نیشانی دەدەن کە قەیرانی بژێوی ژیان لە ئێراندا جیددی و هەڵاوسان و گرانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی نرخەکان، پشتی کرێکاران و مامۆستایان و فەرمانبەران و زۆربەی چینەکانی کۆمەڵگەی شکاندووە.