
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەکانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئاهەنگی هەڕەشەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو کاتێکی دیکە توندتر بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هێندێک لە سەرچاوە ڕۆژاواییەکان و میدیاکانی ناوچەکە، کۆماری ئیسلامی خەریکی ئامادەکارییە تاکوو وڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی بداتەوە.
لەم پێوەندییەدا کاناڵی ئەلعالەم لە زاری چەند بەرپرسی تارانەوە نووسیویەتی: "هەر چەشنە هێرشێکی ئیسرائیل بە دژی بنکە و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەگەڵ کاردانەوەی توند و بێوێنەی تاران بەرەوڕوو دەبێتەوە".
ئەم بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەلعالەمی زیاد کردووە کە واشینگتۆن لەژێر کاریگەریی لۆبیگەرییەکانی ئیسرائیل لە هەوڵدایە تاکوو دۆخی ناوچەکە وەها نیشان بدات کە دۆخێکی مەترسیدار و ئامادەباشییە.
لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە بنەماڵەی سەربازانی ئەو وڵاتە دەتوانن بە شێوەی دڵخواز ناوچەکە بەجێ بهێڵن.
هاوکات هەواڵدەریی نیۆیۆرک تایمز باسی لە دانیشتنی بەرپرسانی باڵای سیاسی و نیزامیی ئێرانی کردووە.
ئەم هەواڵدەرییە ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵسەنگاندنی چۆنییەتیی وڵامدانەوە بە هێرشی ئیسرائیل، کۆبوونەوەیان بەڕێوە بردووە.
لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی "جەوان" سەر بە سپای پاسداران بە ئاماژەدان بە دۆخی وتووێژەکان لە ئێستادا نووسیویەتی: "کۆماری ئیسلامی هیچ گرینگییەک بە هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەمریکا نادات و ئامادەیی ئەوەی هەیە کە لە ئەگەری دابیننەکردنی داخوازییەکانی، وتووێژەکان بەجێ بهێڵیت".
جەوان وەک هەڕەشەیەک زیادیشی کردووە کە تاران لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز لە زانستی ناوکی کە بە جۆرێک دەتوانێت بەرگرییەکی زانستی و تەکنیکی بێنێتە ئاراوە.
هەموو ئەم ڕووداوانە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا و پاش ئەوە بوو کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، وتی: "تا کات زیاتر تێدەپەڕێت، هیواکانم بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کەم دەبێتەوە".
ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان، بۆ جارێکی دیکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
هەر ڕۆژی ڕابردوو، عەزیز نەسیرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران، هەڕەشەی لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر وتووێژە ناوکییەکان ناسەرکەوتوو بێت و تێکهەڵچوونێک بێتە ئاراوە، کۆماری ئیسلامی هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.