کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوکارینەکردنی ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی ڕێژیم و کەمبوونەوەی گەشتی فڕۆکەخانەی سنە

12:34 - 22 جۆزەردان 2725

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سنە سەرەڕای هەبوونی ژێرخانی تەواو، بە کەمترین گەشت لە حەفتەیەکدا چالاکییەکانی بەردەوامە؛ کێشەیەک کە بە وتەی بەرپرسانی پارێزگاکە بەهۆی نەبوونی ئیمکاناتەوە نییە بەڵکوو ئەنجامی کەمتەرخەمی لایەنە بڕیاردەرەکانە.

 فڕۆکەخانەی سنە کە هەڵگری نازناوی نێودەوڵەتییە و لە بواری تەکنیکی و ژێرخانەوە یەکێک لە باشترین فڕۆکەخانەکانی ئێرانە، لە دۆخێکدایە کە لە حەفتەیەکدا تەنیا دوو گەشتی ئاسمانی، لە ڕۆژانی شەممە و چوارشەممەدا هەیە، لە کاتێکدا کە لە ساڵانی ڕابردوودا  ڕۆژانە ٣ بۆ ٤ گەشت لەم فڕۆکەخانەیە ئەنجام دەدرا.

سەرەڕای بەڵێنی دووبارەی بەرپرسانی پارێزگاکە بۆ بەدواداچوونی جیددی بۆ زیادکردنی ژمارەی گەشتەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە دۆخی گەشتەکانی ئەم فڕۆکەخانەیەدا بەدی نەکراوە.

ئارش لهۆنی، پارێزگاری سنە ڕایگەیاندووە کە دیداری لەگەڵ بەڕێوەبەرانی هێڵی ئاسمانی و بەرپرسانی وەزارەتی ڕێگاوبان کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو پرسە کۆتایی پێ دێت.

بەرپرسانی فڕۆکەخانەی سنە چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە نەبوونی گەشتە ئاسمانییەکان پەیوەندیی بە ژێرخانی فڕۆکەخانەکەوە نییە و ئەو پرسە لە "نەبوونی هاوکاریی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی ئێرانەوە" سەرچاوە دەگرێت.

بەراوردکردنی دۆخی فڕۆکەخانەی سنە لەگەڵ فڕۆکەخانە هاوشێوەکانی لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی ئێران کە ڕۆژانە دەیان گەشتی ئاسمانی وەردەگرن، ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە بێبایەخیی سیستماتیک بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی کوردستان و ئەم پرسە بووەتە بەربەستێکی جیددی لە بەردەم گەشەسەندنی ئابووریی ئەو پارێزگایە و ڕاکێشانی وەبەرهێنان و گەشەسەندنی گەشتیاری.