کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کرێکارانی بیناسازی لە کرماشان بوونەتە قوربانیی نابەرپرسیارەتیی ڕێژیم

13:09 - 22 جۆزەردان 2725

چوار ساڵ بەسەر ڕاگرتنی بیمەی کرێکارانی بیناسازیدا تێپەڕیوە و تا ئێستاش کەس لێپرسینەوە ناکات. هەزار و ٥٠٠ کرێکاری بیناسازی لە کرماشان، ڕۆژانە لەژێر بارگرانیی نابەرپرسایەتیی کاربەدەستانی ڕێژیمەوە زیاتر و زیاتر دەچەوسێنەوە.

لە کاتێکدا زیاتر لە ١٦ هەزار کرێکار و وەستاکاری بیناسازی لە پارێزگای کرماشان لەژێر پێڕاگەیشتنی بیمەی دابینکردنی کۆمەڵایەتییدان، نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکە هێشتا لە سەفی چاوەڕوانیی وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکانی بیمەن.

حەسەن جەلیلیان نەسەب، بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی تەعاون، کار و چاودێری کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە بیمەی کرێکارانی نوێ بۆ ماوەی چوار ساڵە بە هۆی نەبوونی دابینکردنی پارە لەلایەن دەوڵەتەوە ڕاگیراوە.

ئەمەش بەو مانایەیە کە هەزاران کرێکار دەبێت لە بارودۆخی بیناسازیی مەترسیداردا بەبێ چارەسەری پزیشکی و بەبێ خانەنشینی و بەبێ داهاتوو هەتا ئاگادارکەنەوەی دواتر کار بکەن، وەک ئەوەی ژیانیان هیچ بەهایەکی نەبێت.

لە کاتێکدا کە کرێکارانی بیناسازی لە توێژە هەرە لاوازەکانی کۆمەڵگادان، پشتگوێخستنی پێویستییەکی سەرەتایی وەک بیمە نەک تەنیا دژی دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە بەڵکوو پێچەوانەی بەڵێنەکانی دووبارەی بەرپرسان بۆ پشتیوانیکردنی توێژە کەمداهاتەکانە.

ئەو کرێکارانەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی مەترسیی گیانی دەبنەوە، هێشتا لە سەرەتاییترین خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و خانەنشینی بێبەشن.

دوای چەندین ساڵ لە بەڵێن و دروشم، بە ڕوونی دیارە ئێستاش دۆخی ژیانی خەڵک بە تایبەت توێژی کرێکاران بۆ بەرپرسانی ڕێژیم هیچ گرنگییەکیان نییە.