کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیام بە بۆنەی ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

22:54 - 11 جۆزەردان 2725

پەیام بە بۆنەی ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

(پەیامی هاوبەشی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)و ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی بەندییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)

زیندانیانی سیاسی خۆڕاگر!

بنەماڵەی سەربەرزی زیندانیانی سیاسی!

"بەندکراوی سیاسی کورد ئەو مرۆڤە بە بیروباوەرەیە کە چاوپۆشی لە هەموو خۆشییەکانی ژیانی ئاسایی کردوە و لەپێناو گەیشتن بە ئازادی، سەربەستی نەتەوەیی، دادپەروەری و یەکسانی خەبات دەکات و بەو هۆیەوە دەگیرێ و دەکەویتە بەندیخانە. ئەو کەسایەتییە بەرزەی کۆمەڵگە، لە بەندیخانەدا وێڕای هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک، کۆڵ نادات و دەبێتە هێمای خۆڕاگری و کۆڵنەدان."

بۆ ئێمەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، ١٢ی جۆزەردانی هەموو ساڵێک وەبیرهێنەرەوەی مێژوویەکی تاڵ و دڵتەزێنە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا، ٥٩ لاو و مێرمنداڵی خەڵکی شاری مەهابادی بە تاوانی کوردبوون لە ماوەیەکی کورتدا دەسبەسەر و لە دادگایەکی ناعادڵانە و دوور لە هەموو پرەنسیپێکی یاسایی و مافی مرۆڤی سزای ئێعدامی بە سەردا سەپاندن و لە بەندیخانەی شاری تەورێز گولڵەباران کردن. ئەوە لە حالێک‌دایە کە دوای تێپەرینی ٤٢ ساڵ بەسەر ئەو جینایەتە سامناکە لە تاوانێکی دیکەدا، تەنانەت گڵکۆ یان شوێنی بەخاک سپاردنیشیان دیار نیە و گۆڕبزر کراون.

ئەنجۆمەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەماهەنگی و هاوفکریی حیزبە سیاسییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و خۆڕاگری بەندکراوانی سیاسی؛ "١٢ی جۆزاردانی" هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی بەندکراوانی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیاری کردوە و لەو ڕوژەدا یاد و بیرەوەریی هەموو بەندکراوانی سیاسی کورد بەبێ جیاوازی بیروڕا و هەر ڕەوتێکی سیاسی کوردستانی بەرز ڕادەگرین و سەری ڕێز بەرامبەر خۆراگری و قامەتی بەرزی ژێر سێدارەیان دادەنوێنین.

جەماوەری خۆڕاگری کوردستان!

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵ تەمەنی پڕ لە جینایەتی خۆی بە شێوازی جۆراوجۆر، بەردەوام و سیستماتیک مافەکانی مرۆڤیی لە کوردستان پێشێل کردووە و بە گرتن و ڕفاندن، ئەشکەنجە و زیندانی کردن، تێرۆر و کوشتن، قەڵاچۆکردن و خاپوورکردنی ئاواییەکان، کوشتن و لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ، میلیتاریزە کردن، بە تاڵان بردن و شێواندنی ژینگە و داڕمانی ئابووری، ئەم نیشتمانەی داگیر کردووە و هەوڵی سڕینەوەی شوناس و هەوێتی نەتەوەیی بە شێوازی نەرم و چڕی داوە، ئێعدامکردنی ٥٩ لاوی کورد تەنیا یەکێک لەو جینایەتە سامناکانەیە کە کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر ئازادیخوازی کورد کردوویەتی.

ئەوەی جێگای داخ و کەسەرە ئەوەیەکە؛ بەدرێژای تەمەنی ئەم حکوومەتە دیکتاتۆر و سەرەڕۆیە، پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافی مرۆڤ بوونەتە قوربانی بەرژەوەندی و ساتوسەودای ئابووری و سیاسی، بە تایبەتی لە دوو دەیەی ڕابردوودا کە بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی بۆتە ڕۆژەڤ، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ پەراوێز خراون و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەنا بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لە بارمتەگرتنی دنیای ئازاد و دیمۆکراتیک وەک دەرفەتێک کەڵکی وەرگرتووە و بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستی داوەتە سەرکوتی ئازادیخوازان بە تایبەتی لە کوردستان ڕۆژ نیە کوڕان و کچانی ئازادیخواز لە هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگە وەک؛ چالاکانی زمانی کوردی، ژینگەپارێزان، پارێزەرانی ئەدەب و کولتووری کوردی، خوێندکار و قوتابیان، چالاکانی هونەری، مامۆستایانی ئایینی و بازاریان و ئەسناف بە تۆمەتی بێ بنەما دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە نەکات. ڕۆژ نیە لە بێدادگاکانی کۆماری ئیسلامیدا چالاکانی سیاسی و مەدەنی سزای قورسی بەندکرانیان بە سەردا نەسەپێندرێ. ڕۆژانە بە بەردەوامی هەواڵی لە سێدارەدانی بەندکراوان لە گرتووخانەکانی ئێران بڵاو دەکرێتەوە. ڕۆژانە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد کە بۆ بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە کاری قورسی کولبەری دەدرێنە بەر دەسڕێژ و گیانیان لێدەستێندرێ یان بریندار دەکرێن. ئەوانە بەشێکن لەو پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە بەردەوام بە بەرچاوی ناوەندەکانی دەسەڵات و ڕێکخراوەکانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و دنیای ئازاد پاتە دەبنەوە و بۆنەتە جێگای نیگەرانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لە ئێران و کوردستان و هەروەها ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ جۆرێک لە کۆلۆنیالیزم، سڕینەوە و چەوساندنەوە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی ناوەند لەهەمبەر کورد و کوردستان.

بەڵام خاڵی جێی سەرنج ئەمەیە کە؛ وێڕای هەموو ئەو زیندان و ئەشکەنجە و هەموو ئەو زەخت و پێشێلکارییانەی کە بەتایبەت لە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵگەی کوردی بە گشتی هەیە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و سەربەستی نەتەوەیی، بە شێوەی جوراوجور بەردەوامی هەیە، هەر بۆنەکانی نەورۆزی خاکیپۆشان وەک وێنەیەک لەو چالاکییانەن کە لە بزووتنەوەیەکی کلتووری و مەدەنی بوونەتە ڕەمزی بەرخودان و شوناسخوازی نەتەوەیی.

زیندانیانی سیاسیی خۆڕاگر!

لێرە کۆ بووینەتەوە کە لە ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان، سەرەڕای بەرز نرخاندنی یادی سەرجەم زیندانیانی سیاسی؛ ئاماژەیەکیش بەو دیاردەیە بکەین کە ئەگەر پێشتر بە جۆرێک ترس لە سەپاندنی حوکم و چوونە زیندان هەبوو، لە ئێستادا زیندانیانی سیاسی کچان و کوڕانی خۆڕاگری کورد بە شانازییەوە لە ڕێوڕەسمی جۆراوجۆر بە بەشداری خزمان و هاونیشتمانیان بە چەپڵە و سروودی نیشتمانی بەرەو بەندیخانە بەڕێدەکرێن، یان لە کاتی ئازادبوونیان دا پێشوازییەکی بێوێنەیان لێ دەکرێ و وەک نیشانەی سەرکەوتن و زاڵ بوون، شایی دەگێڕن، ئەمە بەو مانایە نیە کە ئێمە بەندیخانەمان پێخۆشە یان وەک شوێنێکی خۆش سەیری دەکەین؛ بەڵکوو لێرەدا زیندان بۆ ئازادیخوازان وەک شوێنەک بۆ سزا و پەشیمان بوونەوە دەبێتە قوتابخانەی بەرگری و نیشتماندۆستی واتە لە وێژمانی سیاسیی نەتەوەییدا گۆڕانکاری بە شوێن دەکرێ و لە سزادانەوە دەبێتە شوێنەک بۆ سوور بوون لە سەر داوا و مافە ڕەواکان و هێزی لەبڕان نەهاتووی هیوا بۆ ئازادی. ئەوە بەشێکە لە شعووری بەرزی نەتەوەی و وانەی گەنجانی وڵاتەکەمان بەرامبەر بەو هەمووە پێشێلکاریانە و لەبەر چاونەگرتنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

زیندانیانی سیاسیی تێکۆشەر!

ئێوە کە ساڵانێک لە تەمەنی پڕ لە سەروەریی خۆتان لە بەندیخانە تاریکەکانی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر بردوە یان هەر ئێستا بە هۆی چالاکی جۆراوجۆر لە زیندان‌دان، وەک چۆن گەل شانازیتان پێوە دەکات، دەبێ ئێوەش شانازی بە خۆتان و ڕابردوو و ئێستای زیندانی سیاسی خۆتان بکەن، ئێوە وانەیەکی مێژوویین بۆ هەموولایەکمان، ئێوە بە خۆڕاگریتان بەرامبەر هەموو ئەشکەنجە و ئازار و نەهامەتییەک ڕووسوورانە سەری خۆتان و بزووتنەوەکشتان بەرز ڕاگرتوە و دوژمنیشتان بێهیوا کردوە. بێگومان دیرۆکی نەتەوەکەمان ئەو خۆڕاگری و غروورەی ئێوە وەک بەشێکی گرینگ لە مێژووی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار دەکا و لە هەست و نەستی خەڵکی کوردستان دا بەردەوام بە زیندوویی دەمێنیتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێ.

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) بە پێزانینەوە دەڕوانیتە خەبات و خۆڕاگری ئێوە بەندکراوانی سیاسی و سپاسی هەموو زەحمەت و پشوو درێژی بنەماڵە ئازیزەکانتان دەکەین. بەو هیوایە بە زووترین کات شاهیدی ئازادی یەکجاری ئێوە ئازیزان بین و بەری رەنج و خۆڕاگری ئێوە و تێکۆشانی خەباتکارانی ڕێگای ئازادی، ڕزگای یەکجاری کوردستان بێتەدی و هەموومان لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستانێکی ئازاد و بەختەوەر بحەسێینەوە.

سڵاو لە ئیرادە و خۆڕاگری بەندکراوانی سیاسی و بنەماڵە بەڕێزەکانیان!

بەرز و بەڕێز بێت یادی شەهیدانی ١٢ی جۆزەردان و هەموو بەندکراوانی سیاسی لەسێدارەدراو!

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

١٢ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ کوردی

٢ی ژۆئەنی ٢٠٢٥ی زاینیی