
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤، دەنگی کۆمەڵێک تەقینەوەی بەهێز تاران پێتەختی ئێران و چەند پارێزگا و شاری دیکەی هەژاند و ئەم شوێنانە بوونە گۆڕەپانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل.
بەپێی دوایین زانیارییەکان لە سەرچاوە جیهانییەکان و میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، لە ئاکامی هێرشی بەربڵاوی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگا و هەروەها شوێنی مانەوەی فەرماندە باڵاکان و زانا ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی، چەند فەرماندە و بەرپرسی باڵا و زانای ناوکیی ئێران کوژران.
بەپێی ئەم زانیارییانە، تاکوو ئێستا کوژرانی محەممەد باقری، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و باڵاترین بەرپرسی سەربازیی ئێران، حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران و غوڵامعەلی ڕەشید، فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیای سپای پاسداران، لەلایەن میدیا فەرمییەکانی ئێران پشتڕاست کراوەتەوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبییە ١٠ زانای ناوکیی ئێران لەم هێرشانەدا کوژراون کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، کوژرانی ٦ کەسیان بە ناوەکانی محەممەدمێهدی تێهرانچی، فەرەیدوون عەباسی، ئەمیرحوسێن فێقهی، موتەلبیزادە، عەبدولحەمید مەنووچێهر و ئەحمەدڕەزا زولفەقاری لەلایەن میدیا فەرمییەکانی ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە.
جیا لە کوژرانی ئەم کەسانە هێندێک سەرچاوە باسیان لە کوژرانی عەلی شەمخانی، ڕاوێژکاری خامنەیی و ئەندامی "مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام" کردووە، هەرچەند کە ئەم هەواڵە دواتر لەلایەن سپای پاسدارانەوە ڕەت کرایەوە، بەڵام چەند سەرچاوەی دیکە برینداربوونی ناوبراوایان پشتڕاست کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو لە ژێر چاوەدێریی چڕی پزیشکیدایە.
جیا لە هەموو ئەمانە ئیسرائیل دەیان بنکە و بنکەی ناوکی و مووشەکی و دژە ئاسمانیی ئێرانی لەم ئۆپەراسیۆنە بەربڵاوەدا کردووەتە ئامانج.
بەپێێ دوایین زانیارییەکان لە سەرچاوە متمانەپێکراوەکانەوە، ئیسرائیل جیا لە هێڕشی ئاسمانیی، بە دەیان دڕۆن لە نێوخۆی ئێرانەوە هێةدێک لە هێڕشەکانی ئەنجام داوە.