کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران چەند بەرپرسی باڵای ڕێژیم کوژران

11:42 - 23 جۆزەردان 2725

 لە هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢٣ی جۆزەردانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و بە ئامانجگرتنی ژمارەیەک لە بنکە سەربازی و سایتە ناوکییەکانی ڕێژیم، ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ڕێژیم کوژران و ژمارەیەکیش بریندار بوون.

بەپێی زانیارییەکان پاسدار محەممەد باقری، بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران و غوڵامعەلی ڕەشید فەرماندەی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا کوژراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلعەرەبییە ١٠ زانای ناوکیی ئێران لەم هێرشانەدا کوژراون کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، کوژرانی ٦ کەسیان بە ناوەکانی محەممەدمێهدی تێهرانچی، فەرەیدوون عەباسی، ئەمیرحوسێن فقهی، موتەلبیزادە، عەبدولحەمید مینووچێهر و ئەحمەدڕەزا زولفەقاری لەلایەن میدیا فەرمییەکانی ڕێژیمەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

محەممەد باقری بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کە ئەمڕۆ لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا و لە هێرشی ئیسرائیلدا کوژرا، چالاکییەکانی خۆی لە ساڵی ٥٩ لە سپای پاسدارانی ڕێژیمدا دەست پێ کرد و لە ماوەی خۆش خزمەتییەکانی بە ڕێژیم جێگری ئیتلاعات و عەمەلیاتی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی لە ئەستۆ بووە و دواتریش بووەتە جێگر هاواهەنگیی قەرارگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا.

باقری لە ساڵی ٩٥‌ەوە هەتا ئەمڕۆ بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم بوو کە لە ساڵی ١٣٨٩دا، وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ناوبراوی خستە لیستی گەمارۆکانی خۆیەوە.

حوسین سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ڕێژیم کە لە هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیلدا کوژراوە لە ساڵی ٩٨ەوە ئەم بەرپرسایەتییەی لە ئەستۆ بووە. ناوبراو بۆ ماوەی ٥ ساڵ وەکوو فەرماندەی زانکۆی فەرماندێهی و ستادی سپای پاسداران چالاکیی کردووە و بۆ ماوەی ٨ ساڵیش، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سپای پاسداران بووە.