
له دوای هێرشی بێوێنه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ڕێژیمی ئێران له سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی هه‌ینی ٢٣ی جۆزه‌ردان و کوژرانی ژمارەیەکی به‌رچاو له به‌رپرسانی نیزامی و زانای ئه‌تۆمیی ڕێژیم، له دژکرده‌وه‌دا ڕێژیمی ئێران هێرشێکی پێچه‌وانه‌ی کرده سه‌ر ئیسرائیل و له ئێستادا ئیسرائیل له دۆخی ئاماده‌باشیدایه.
کاتژمێر ٣ و ٢٠ خوله‌کی سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی هه‌ینی ٢٣ی جۆزه‌ردان، ئیسرائیل له هێرشێکی له‌ناکاودا له ڕێگه‌ی ٢٠٠ فڕۆکه‌ی شه‌ڕکه‌ره‌وه زیاتر له ١٠٠ بنکه‌ی ناو‌کی و نیزامیی ڕێژیمی له سه‌رانسه‌ر ئێران‌دا کرده ئامانج و ڕێژه‌یه‌کی به‌رچاو له فه‌رمانده و زانا ئه‌تۆمییه‌کانی ڕێژیم کوژراون و ڕێژیم له دژکرده‌وه‌دا هێرشی پێچه‌وانه‌ی ئه‌نجام دا.
ئێفی دێفری وته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئیسرائیل، له به‌یاننامه‌ی سه‌رله‌به‌یانیی ڕۆژی هه‌ینییدا ئاماژه‌ی به‌وه داوه که ڕێژیمی ئێران زیاتر له ١٠٠ دڕۆنی به‌ره‌و ئیسرائیل هاویشتووه و ئیسرائیل له ئێستادا ئاماده‌کاریی ته‌واوی بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشه کردووه.
عه‌لی خامنه‌یی، ڕێبه‌ری ڕێژیم سه‌ره‌ڕای پشتڕاستکردنه‌وه‌ی کوژرانی هه‌ندێک له فه‌رمانده و زانا ئه‌تۆمییه‌کانی ڕێژیمەکەی، له دژکرده‌وه‌دا ئه‌و هێرشه‌ی ئیسرائیلی به "جینایه‌ت" له قه‌ڵه‌م دا و به‌نیسبه‌ت هێرشی تێلاڤیڤه‌وه هۆشداریی دا و وتی: "ده‌بێت چاوه‌ڕێی سزای قورس بن".
ڕێبه‌ری ڕێژیم له درێژه‌دا وتوویه‌تی: "جێنشینی ئه‌و فه‌رمانده و زانایانه ئه‌رکی خۆیان درێژه پێ ده‌ده‌ن و چاره‌نووسێکی تاڵ چاوه‌ڕێی ئیسرائیله".
هه‌روه‌ها ڕێژیم وێنه‌ی چه‌ند دڕۆنێکی "شاهید"ی له ئاسمانی عێراق که به مه‌به‌ستی لێدان له ئیسرائیل به‌ڕێ کراون، بڵاو کرده‌وه.
هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئیسرائیل ته‌واوی سنووری ئاسمانیی خۆی به ڕووی ترافیکی غه‌یره‌نیزامیدا به‌ستووه و هه‌موو هاتوچۆکانی فڕۆکه‌خانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بێن گۆریۆنی له نیزیکی تێلاڤیڤ هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه.