
میدیاکانی ئیسرائیل وردەکاریی نوێی سەرچاوە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان سەبارەت بە عەمەلیاتی بەربڵاوی ئیسرائیل لە هێرشەکەی ئەم دواییەی بۆ سەر ئێران بڵاو کردەوە، هەروەها باسیان لە ڕۆڵی ڕێکخراوی مووساد لە پلاندانان و جێبەجێکردنیدا کرد.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، لە چەند مانگی ڕابردوودا هێزەکانی مووساد دزەیان کردبووە نێو خاکی ئێران و لە ناوچە کراوەکانی نزیک لە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی بنکەیان دامەزراندبوو.
ئەم بنکانە مووشەکی ڕێنمایی ورد و دڕۆنی خۆتەقین لەخۆ دەگرن کە لە شەوی هێرشەکەدا لە یەک کاتدا لە نێوخۆی ئێرانەوە چالاک کران و سیستمی بەرگریی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنییەتی، ئەو عەمەلیاتە بە هاوکاریی بەربڵاو لە نێوان مووساد، ئەرتەشی ئیسرائیل و پیشەسازییەکانی بەرگریی ئەو وڵاتە ئەنجام دراوە و لەسەر بنەمای زانیاریی دروستی کەسایەتییە ئەمنییەتی و ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی داڕێژراوە. ئامانجی سەرەکی لاوازکردنی ڕیزبەندی مووشەکی ستراتێژی و توانای بەرگریی ئاسمانی ڕێژیمی ئێرانە.
میحوەری یەکەم بریتی بوو لە جێگیرکردنی نهێنیی سیستمی مووشەکیی ورد لەلایەن کۆماندۆکانی مووساد لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئێران؛ ئەم سیستمانە چالاک کران و هاوکات لەگەڵ هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا ئاراستەی ئامانجە دیاریکراوەکان کران.
میحوەری دووهەم بریتی بوو لە بەکارهێنانی ماشینی تایبەت بۆ هەڵگرتنی کەرەستەی هێرشبەری، کە هاوکات لە هێرشێکی شەوانەدا تەقەیان لە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران کرد.
میحوەری سێهەم پەیوەندیی بەو دڕۆنە خۆتەقێنانەوە هەیە کە زۆر پێش هێرشەکە لە بنکەیەکی نزیک تاران جێگیر بوون و لەکاتی عەمەلیاتەکەدا هاویشتران.
ئەو سەرچاوە ئەمنییەتییانە هەروەها ڕایانگەیاندووە، پلاندانانی ئەم عەمەلیاتە چەند مانگی خایاندووە و پێویستی بە هاوکاریی هەواڵگری و تەکنیکی و عەمەلیاتی بەربڵاو لە قووڵایی خاکی ئێراندا هەبووە.