کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وردەکارییە نوێییەکانی ئەلعەرەبییە سەبارەت بە کوژرانی فەرماندەی حەماس لە غەززە؛ سینوار بە گازی ژەهراوی کوژراوە

11:13 - 12 جۆزەردان 2725

کاناڵی ئەلعەرەبییە، ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە وردەکارییەکانی چۆنییەتی کوشتنی محەممەد سینوار، برای یەحیا سینوار، ڕێبەری پێشووی حەماسی باس کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، محەممەد سینوار کە پاش کوژرانی محەممەد زەیف بەرپرسایەتیی حەماسی لە غەززە گرتبووە ئەستۆ، ڕێکەوتی ٢٣ی بانەمەڕی ١٤٠٤، بە هۆی هەڵمژینی گازی ژەهراوییەوە لە یەکێک لە تونێلەکانی حەماس لە ژێر عەرزدا، کوژرا.

ڕاپۆرتەکە شی دەکاتەوە کە پاش ئەوەی کە ئەرتەشی ئیسرائیل کۆمەڵێک زانیاریی گرینگی سەبارەت بە شوێنی مانەوەی سینوار بە دەست دەگات، بڕیاری بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنێکی بەپەلە ئەدات.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا ئەرتەشی ئیسرائیل بە کەڵکوەرگرتن لە چەند تۆن بۆمب و مووشەک کە بە گازگەلی ژەهراوی تەیار کراون، هەموو ڕێگەکانی چوونەژوورەوە بۆ ژوورەکەی محەممەد سینواری کردووەتە ئامانج.

ئەلعەرەبییە نووسیویەتی: "پلانی هێرشەکە بە شێوەیەک بووە کە محەممەد سینوار و هاوڕێکانی کە ١١ کەس لە فەرماندە باڵاکانی حەماس بوونە، لە ڕێگەی هەڵمژینی گازی ژەهراویی بۆمبەکانەوە بخنکێندرێن، چونکە ئەو ژوورەی کە سینواری تێدا جێگیر کرابوو، بە شێوەیەک دروست کرابوو کە ئیسرائیل نەتوانێت بە شێوەی ڕاستەوخۆ بیکاتە ئامانج".

بەپێی گرتەڤیدیۆیەک کە پێشتر لە ساتی کوشتنی سینوار بڵاو کرابوویەوە، تونێلی ئاماژەپێکراو لەژێر نەخۆشخانەی ئورووپایی غەززە دروست کرابوو تاکوو لە هێرشی ئیسرائیل پارێزراو بێت.

ئیسرائیل دەیان جار ڕایگەیاندووە کە گرووپی چەکداریی حەماس کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، شوێنە گشتییەکانی وەک قوتابخانەی منداڵان، نەخۆشخانەکان، مزگەوت و شوێنە قەرەباڵغەکان، دەکات بە قەڵغانێک بۆ پاراستنی هێزەکانی خۆی و بەم شێوەیە گیانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە دەخاتە مەترسییەوە.

 

ڕاپۆرتەکەی ئەلعەرەبییە زیادیشی کردووە کە ئیسرائیل بۆ دڵنیابوونەوە لە کوژرانی سینوار و فەرماندەکانی دیکەی حەماس لە نێو ئەم تونێلانەدا، ماوەی چەند ڕۆژ هێرشی کردووەتە سەر دەوروبەری ئەم ناوچەیە، تاکوو ڕێگە نەدات هیچکەس بە زیندوویی بهێنرێتە دەرەوە.

پاش سێ ڕۆژ و کۆتاییهاتنی هێرشەکانی ئیسرائیل، چەکدارانی حەماس چوونە نێو تونێلەکانەوە کە لەگەڵ ١٢ کوژراودا بەرەوڕوو بوونەوە کە یەکێکیان محەممەد سینوار بوو.

هەروەها ئەلعەرەبییە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەیەکی بە پێوەندییەکانی محەممەد سینوار لەگەڵ دۆسییەی "ئەلێکساندێر عیدان"، بارمتەی ئیسرائیلی ئەمریکایی کردووە.

لەم بەشەدا هاتووە کە سینوار بۆ ماوەی چەند مانگ ئەلێکساندێر و بارمتەکانی دیکەی لەگەڵ خۆیدا هێشتووەتەوە و جەختیش کراوەتەوە کە ناوبراو بۆ هاتوچۆ متمانەی بە هیچکەس نەبووە و بە بەرزترین ئاستی نهێنیکارییەوە شوێنەکانی مانەوەی خۆی گۆڕیوە.

بەپێی ئەم زانیارییانە، سینوار بە باشی ئاگاداری گرینگیی ئەلێکساندێر بووە کە ڕەگەزنامەی ئەمریکایی هەبووە.

سەرەداو و بەڵگەی سەرەکیی بۆ ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئەم بارمتەیە بووە.