
ڕۆژی هەینی، دوابەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، سەرۆککۆماری ئەمریکا داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد لەسەر بەرنامە ناوکییەکەی بگەنە ڕێککەوتن و هەڕەشەشی کرد: هێرشەکانی داهاتوو کە پێشتر پلانیان بۆ دانراوە، بێبەبەزییانەتر دەبن.
دۆناڵد ترامپ لە هەژماری سۆشیال میدیای خۆی، نووسیویەتی: "من چەندین جار دەرفەتێکم بە ئێران دا تا ڕێککەوتن بکات، بە توندترین شێوەی مومکین پێم وتن، تەنیا ئەنجامی بدەن، بەڵام هەرچەندە هەوڵیان دا، هەرچەندە لە ڕێککەوتنێک نزیک بوونەوە، نەیانتوانی ڕێککەوتنەکە بە سەرئەنجام بگەیەنن.''
ناوبراو وتی: ''پێم وتوون کە شتەکان زۆر خراپتر دەبن لە هەر شتێک کە خەیاڵیان بۆ کردبێت، چاوەڕوانیان دەکرد یان پێیان گوترابێت.
سەرۆککۆماری ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ''پێم وتن کە ئەمریکا باشترین و کوشندەترین کەرەستەی سەربازی لە جیهاندا بەرهەم دەهێنێت. بە جیاوازییەکی زۆر و ئیسرائیل بەشێکی بەرچاوی لەبەر دەستدایە، زۆر کەرەستەی دیکە لە ڕێگادایە و ئەوانیش دەزانن چۆن بەکاری بهێنن.
ترامپ وتی: ''هەندێک لە توندڕەوەکانی ئێران خۆیان هەڵدەکێشا بەڵام نەیاندەزانی چی بەڕێوەیە. ئێستا هەموویان مردوون و دۆخەکە تەنیا خراپتر دەبێت''.
ناوبراو لە هۆشدارییەکدا بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی وتی: ''تا ئێستا مەرگ و وێرانکاری زۆر ڕووی داوە، بەڵام هێشتا کات بۆ ڕاگرتنی ئەم کوشتارە ماوە، چونکە هێرشەکانی داهاتوو کە لە ئێستاوە پلانی بۆ دانراوە، تەنانەت بێڕەحمانەتر دەبن.''
سەرۆکۆماری ئەمریکا وتی: "پێویستە ئێران بگاتە ڕێککەوتن پێش ئەوەی هیچ نەمێنێت و ئەوەی سەردەمانێک بە ئێمپراتۆریەتی ئێران ناسرابوو، دەتوانرێت ڕزگار بکرێت. ئیتر نە مرگ و نە وێرانی ؛ تەنیا ئەنجامی بدەن پێش ئەوەی درەنگ بێت.