
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانی ١٤٠٤ی هەتاوی، ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان، ڕۆژی زیندانییانی سیاسی کە هاوکاتیشە لەگەڵ یادی ئێعدامی ٥٩ لاوی شاری مەهاباد ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوە برد.
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان سمکۆ دەستمەردی پێشکەشکاری ڕێوڕەسمەکە وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربوون و باسکردنی کورتەیەک لەسەر ئەو ڕۆژە، ڕێوڕەسمەکەی کردەوە.
پەیامی هاوبەشی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن سەلاح خزرپوور بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانەوە خوێندرایەوە.
لەو پەیامەدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە مێژووی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاوی، کە ٥٩ لاو لە مەهاباد دەسبەسەر و دواتر بەبێ هیچ پرنسیپێکی یاسایی تیرباران کران، درایەوە و باس لە جینایەت و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرا کە سەرەڕای ئەو هەموو زەخت و گوشارە خەڵکی ئازادیخواز تیکۆشانی خۆیان بۆ ئازادی و سەربەستی درێژە پێ دەدەن.
پاشان کاک مستەفا شێخە، بەندکراوی سیاسی پێشوو چەند وتە و بیرەوەری خۆی لە زینداندا گێڕایەوە.
دواتر سروودێکی شۆڕشگێڕی بە ناوی ''بەندیخانە'' لەلایەن هونەرمەند لالۆ ڕەنجدەرەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە ڕێزنامەیەک ئامادە کرابوو کە دەقەکەی لەلایەن شێرکۆ شێخاڵییەوە پێشکەش کرا.
دواتر لەلایەن کۆمار بەهارییەوە بۆ یادی ٥٩ لاوی شاری مەهاباد شێعرێک لە ژێرناوی ''مەهابادی سەربەرز'' خوێندرایەوە.
لە بڕگەی کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک نەریتی ساڵانە ڕێزنامەی پێشکەش بەچەند بەندکراوی سیاسی لەوانە: بنەماڵەی شەهید عەلی بایزیدپوور ناسراو بە عەلی جۆڵا، سۆعدا خەدیرزادە، گوڵاڵە مورادی، ئەحمەد حەسەنزادە و سەید محەممەد حوسێنی کرد کە لەلایەن کاک شاڕۆخ حەسەنزادەوە پێشکەشیان کرا.