کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەعدەی سادقی ٣ پاش کوژرانی باڵاترین فەرماندەکانی کۆماری ئیسلامی، جێبەجێ کرا

11:35 - 24 جۆزەردان 2725

هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە ئۆپەراسیۆنی "وەعدەی سادق" ناسراوە، پاش هێرشەکانی ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل و کوشتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسانی پلەبەرزی کۆماری ئیسلامی، بە هاویشتنی زیاتر لە ١٥٠ مووشەک جێبەجێ کرا.

بە گوێرەی دوایین زانیارییەکان لە خەسارەکانی ئەم هێرشە کە لە سێ شەپۆلدا ئەنجام بوو، تاکوو ئێستا ٣ هاووڵاتیی مەدەنیی ئیسرائیلی کوژراون و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوونە کە برینی چەند کەسێکیان قورسە.

وەعدەی سادقی ٣ بڕیار بوو کە چەند مانگ پێش ئێستە و لە وڵامی هێرشی دووهەمی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران کە لە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٣، ئەنجام بێت، بەڵام لە ئێستادا و پاش هێرشی بەربڵاوی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و بارەگا ناوکی و سەربازییەکانی ئێران و هەروەها کوژرانی هەموو ئەو فەرماندانەی کە بڕیاری ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەیان دابوو ئەنجام بوو.

هاوکات کاردانەوەکان لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە بەم هێرشانە توند بوو.

یسرائیل کاتز ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی بە هێرشکردنەسەر شوێنە مەدەنییەکان و کوشتنی هاووڵاتییانی مەدەنی، چیتر هەموو هێڵە سوورەکانی شکاندووە و هۆشدارییشی دا کە کۆماری ئیسلامی تێچوویەکی یەکجار قورس لەهەمبەر کردنەئامانجی شوێنە مەدەنییەکانی ئیسرائیل ئەدات.

دوابەدوای تەواوبوونی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل بۆ جارێکی دیکە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سنوورەکانی ئێرانیان بەزاند و دەیان شوێنی دیارکراوی دیکەیان کردە ئامانج.

بەپێی کۆمەڵێک گرتە ڤیدیۆی بڵاوکراو لە تێلاڤیڤی ئیسرائیلەوە، بەرکەوتنی ژمارەیەک لە مووشەکەکانی سپای پاسداران لەم شارە دەردەکەوێت و جگە لە خەسارە گیانییەکان، خەساری جیددی بە چەند بینا و باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە تێلاڤیڤ لەم گرتە ڤیدیۆیانەدا ئاشکرایە.

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە زۆربەی مووشەکەکانی ئێرانی بە سیستمە بەرگریکارانەکانی خۆی خستووەتە خوارەوە و تەنیا چەند مووشەکێک توانیویانە ئامانجەکانی خۆیان بپێکن.

سپای پاسداران لە چەند بەیاننامەدا هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیلی پشتڕاست کردەوە و ڕاشیگەیاندووە کە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت.

پێش ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا وتبووی: "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و داماویان دەکەن".

خامنەیی ئاماژەی بەوەش دا کە تۆڵەی خوێنی کوژراوەکانیان لە ئیسرائیل وەردەگرنەوە.

ئیسرائیل لە یەکەم ساتەکانی دەسپێكی شەڕدا، چوار فەرماندەی باڵای سەربازیی کۆماری ئیسلامی و سەرەکیترین مۆرەکانی بەرنامە ناوکییەکانی تارانی کوشت.