کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو ٧ کەسە سەرەکییەی لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا کوژران کێن و کێ کراوەتە جێگریان

11:57 - 24 جۆزەردان 2725

بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردان، دیارترین فەرماندە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناو دڵی پایتەختی ئێران لە ئۆپەراسیۆنی "شێرە ڕاساوەکان"ی ئەرتەشی ئیسرائیل کرانە ئامانج و جگە لەوان دوو کەسی دیاری بەرنامەی ئەتۆمی و سکرتێری پێشووی شۆڕای باڵای ئەمنییەتی نیشتمانیی ڕێژیمی ئێرانیش کوژران.

تا ئێستا کوژرانی ٧ فەرماندەی باڵای سەربازی و بەڕێوەبەرانی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی پشتڕاست کراوەتەوە؛ حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، محەممەد باقری، سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سپای پاسداران، غوڵامعەلی ڕەشید، فەرماندەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا، فەرەیدوون عەباسی و محەممەدمێهدی تارانچی هەردووکیان بەڕێوەبەرانی بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی و عەلی شەمخانی، سکرتێری پێشووی شۆرای ئەمنییەتی نیشتمانیی ڕێژیم و ڕاوێژکاری سیاسیی عەلی خامنەیی کوژراون.

ئەمانە تەنیا کوژراوانی هێرشەکانی سەرلەبەیانیی هەینی نین و بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەیەکی ژێرزەوینیدا فەرماندەی زیاتر کراونەتە ئامانج.

دوابەدوای کوژرانی ئەو فەرماندانەی ڕێژیم، خامنەیی فەرماندەی نوێی وەکوو جێگری ئەوان دیاری کردووە.

هێزی سەرەکیی نیزامی کۆماری ئیسلامی، سپای پاسدارانە کە فەرماندەکەی وەک فەرماندە باڵاکانی دیکە لەلایەن عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامییەوە دەستنیشان دەکرێت.

ئەوانەەی کە کوژراون، جێگرەکانیان بەم شێوەیە دیاەی کراون:

حسێن سەلامی لە کاتی کوژرانیدا شەش ساڵ بەسەر دەستنیشانیکردنی وەکوو فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی تێپەڕیبوو، کە دوای کوژرانی محەممەد پاکپوور بە بڕیاری خامنەیی بوو بە جێگرەوەی.

جیگای باسە کە سەلامی و پاکپوور بەهۆی ڕۆڵیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٨ لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە سزا دراون.

 

محەممەد باقری، سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کە لە ساڵی ١٣٩٥وە لەسەر کارە و دوێنی کرایە ئامانج و کوژرا، دوای ئەو عەبدولڕەحیم مووسەوی ئەو کەسەیە کە خامنەیی بۆ جێگرتنەوەی باقری وەکوو سەرۆکی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەستنیشانی کرد.

سپای پاسداران لە ساڵی ١٣٨٨وە بە تێکەڵکردنی هێزی ئاسمانی سپای پاسداران و بەشی مووشەکی، هێزی ئاسمانی خۆی دامەزراند. کە ئەمیرعەلی حاجیزادە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی فەرماندەی ئەو هێزە بووە، بەڵام تا ئێستا لەلایەن خامنەییەوە هیچ جێگرەوەیەکی بۆ دەستنیشان نەکراوە.

غوڵامعەلی ڕەشید، فەرماندەی بڕیارگای خاتەمولئەنبیا، کە یەکێک لە بەرزترین دامەزراوەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ڕێژیمی ئیسلامییە و یەکێک لە ناوەندە گرینگەکانی پێکهاتەی هێزی چەکداری ئەو ڕێژیمەیە و دوای کوژرانی ڕەشید، خامنەیی، عەلی شادمانی لە شوێنی ئەو دانا.

شایانی باسی جگە لە شەمخانی و تێهرانچی و عەباسی هەندێک لە سەرچاوەکان ناوی ١٠ کەسی دیکەیان وەک فەرماندە و ڕێبەرانی بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی خستۆتە ڕوو کە لە هێرشی ڕۆژی هەینیدا کوژراون، دوو لە ناوەکانی ئەم لیستە بە ناوەکانی ئەکبەر موتلەبیزادە و ئەمیرحوسێن فەقێحی هاتووە بەڵام هێشتا بە تەواوی پەیوەندییەکانیان بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی لەلایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.