
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی جۆزەردان، کاک نەبی نووروڵڵاهی باوکی شەهید تاهیر، ناسراو بە تاهێر گەنمانی لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
کاک نەبی لە سەرەتای خەباتی چەکداریی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ٥٧ کەسێکی نیشتماندۆست و پێشمەرگەپەروەر بوو، بە وتەی خەڵکی دڵسۆز بە سەدان جار تیمی پێشمەرگەی حەواندووەتەوە و ماڵەکەی هەمیشە جێگایان بووە.
شەڕێکی گەورە لە ماڵەکەی ڕوو دەدات و یەک ڕۆژی تەواو دەخایەنێ، بەڵام بە ژیری فەرماندە وەهاب پاوەیی و هاوکاریی کاک نەبی دەیان ماڵ کون دەکەن و پێشمەرگەکان دەرباز دەکەن، دواتر هەر بە تۆمەتی هاوکاریی پێشمەرگە دەسبەسەر دەکرێت و ماوەیەک زیندانی دەبێت.
کوڕێکی کاک نەبی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا پێشمەرگە بووە کە لە کاتێکدا کە سەردانی بنەماڵەکەی دەکات، بەداخەوە لە بەردەم ماڵەکەیان وەبەر گوللـەی دوژمن دەکەوێ و شەهید دەبێت.
بنەماڵە و خزم و کەسوکاری کاک نەبی زۆربەیان وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزب بوونە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.