
سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" خوازیاری کۆتاییهاتنی تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بوو.
ئانتۆنیۆ گۆترێش، شەوی ڕابردوو لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسی: "بوردومانی بنکە ناوکییەکان، هێرشە مووشەکییەکان و پەرەدان بە گرژییەکان ئیتر بەسە، کاتی ئەوەیە ئاشتیخوزای و دیپلۆماسی سەر بکەوێت".
گۆترێش زیادی کردووە کە دوو لایەن لە پەرەدان بە گرژییەکان خۆ ببوێرن چونکە چیتر ناوچەکە هەڵگری ئەم دۆخە نییە.
جیا لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕیبەرانی عەرەبستان، تورکیە، عومان، قەتەر و بریتانیا، خوازیاری کۆتاییهاتنی شەڕەکە و دەستڕاگرتنی هەر دوو لایەنی ئیسرائیل و ئێران بوون.
لە یەکەمین کاردانەوەدا، عەرەبستان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک، بەتوندی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی مەحکووم کرد و ئەم هێرشانەی بە دەسدریژیکردنە سەر حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی لە قەڵەم دا.
لەم بەیاننامەیەدا، عەرەبستان کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە وڵاتی "برا" ناو لێ بردبوو و زیادیشی کردبوو کە هێرشەکانی ئیسرائیل نموونەی ئاشکرای پێشێلکاریی یاسا نێونەتەوەییەکانە.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆککۆمارانی ئەمریکا و فەرانسە، مافی بەرگریکردنی ئیسرائیل لە خۆی و خەڵکەکەی، بە مافێکی ڕەوا زانیوە و پەرەدانی ئێران بە بەرنامە ئەتۆمییەکانی لەکاتێکدا کە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات، مەحکووم کرد.
دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، بە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئەو ماوەی ٦٠ ڕۆژ کاتی بە کۆماری ئیسلامی داوە بەڵام بەرپرسانی تاران لەهەوڵدا بوون کە فریوی بدەن و وتووێژەکانیان تەنیا بە چاوی کڕینی کات چاو لی کردووە.
ترامپ زیادیشی کردووە، ئێستەش دەرفەتێکی دیکە لە بەر دەستی ڕێبەرانی ئێراندایە تاکوو بە ڕێککەوتنێک ئەو جوگرافیایەی کە بە ئێران ناسراوە ڕزگار بکەن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بەردەوامیی وتووێژەکانی لەم دۆخەدا بە هەوڵێکی بێمانا لە قەڵەم داوە.
ڕوون نییە کۆماری ئیسلامی پاش شکستی گەورەی ئیتلاعاتی و سەربازی لە ئیسرائیل و کوژرانی سەرەکیترین مۆرە نیزامی و ناوکییەکانی لە یەکەم ساتەکانی دەسپێکی شەڕدا کە سووکایەتییەکی بێوێنە بۆ سەر حاکمییەت بوو، مل بۆ وتووێژەکان و داخوازییەکانی ئەمریکا ئەدات یان نا، بەڵام وێدەچێت کە تا ئێستا عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم و سەرکردەکانی دیکەی ئێران بەباشی لەوە تێگەیشتبێتن کە ئەگەر بە داخوازییەکانی ئەمریکا ڕازی نەبن، خەسارێکی یەکجار گەورەتر لەمەی ئێستایان بەر دەکەوێت.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕۆژی ڕابردوو جەختی کردبووەوە کە ئەگەر تاران ملکەچی داخوزاییەکان نەبێت و وتووێژ نەکات، شەپۆلی داهاتووی هێرشەکان زۆر لەمەی کە ڕووی دا وێرانکەرتر دەبێت.