کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی زۆربەی زانا ناوکی و فەرماندە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی لە هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلدا

12:21 - 24 جۆزەردان 2725

بەپێی دوایین زانیاری لە سەرچاوە نیوخۆییەکانی ئێران و میدیاکانی نزیک لە سپای پاسداران، زۆربەی گرینگترین کەسایەتییە سەربازی و ناوکییەکانی ئێران، لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیلدا کوژراون.

پاش پشتڕاستبوونەوەی هەواڵی کوژرانی سێ فەرماندەی باڵای سپای پاسداران، کوژرانی ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هەوافەزای سپا، لەلایەن چەند میدیای سەر بە ڕێژیمی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.

بەم پێیە سەرەکیترین فەرماندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا کراونەتە ئامانج.

جیا لەم چوار کەسە، ژمارەیەکی دیکە فەرماندەی پلەبەرزی سپای پاسداران و ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی لە زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.

هاوکات کاناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە لە هێرشەکانی ئەرتەشی ئەم وڵاتە بۆ سەر کۆبوونەوەیەکی فەرماندەکانی سپا لە ژێر زەویدا، حاجیزادە و کۆمەڵێکی دیکە لە فەرماندە سەرەکییەکانی یەکەی هەوافەزای سپای پاسداران کوژراون.

جیا لە فەرماندەکان، گرینگترین کەسایەتی و زانا ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامیش لەم هێرشانەدا کوژران.

بەپێی زانیارییە متمانەپێکراوەکان، تاکوو ئێستا ٦ کەسایەتیی گرینگی تاران لە پێوەندیی لەگەڵ بەرنامە ناوکییەکانی، لە هێرشەکانی ئیسرائیدا کوژراون.

کوژرانی ئەم کەسانە دەتوانێت یەکێک لە قورسترین گورزەکان بۆ سەر بەرنامە سەربازی و ناوکییەکانی هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامی بێت و وێدەچێت کە کارامەیی هێزە سەربازییەکانی تاران بە ڕێژەیەکی بەرچاو دابەزێنێت.

 

ئەرتەشی ئیسرائیل لە پاش کۆتاییهاتنی ئۆڵتیماتۆمی ٦٠ ڕۆژەی دەوڵەتی ئەمریکا بە کۆماری ئیسلامی بۆ ڕێککەوتن، لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٤،  بە ٢٠٠ فڕۆکەی شەڕکەر هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر زۆربەی شار و پارێزگاکانی ئێران.