
شەش بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامی و دوو ئەندامی سپای پاسداران بە ڕۆژنامەی ''نیویۆرک تایمز''یان ڕاگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی پێش گەڕی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە عومان چاوەڕوانی هێرشی نەدەکرد و ئەم حیساباتە هەڵەیە ڕێگەی بۆ زیانی بەربڵاو لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل خۆش کرد.
بە وتەی ئەو بەرپرسانە، کۆماری ئیسلامی هۆشداری نێودەوڵەتی و ڕاپۆرتە میدیاییەکانی سەبارەت بە ئەگەری هێرشێکی نزیک وەک پڕوپاگەندەی ڕەوانیی ئیسرائیلی بۆ گوشار خستنە سەر ئێران لە سەروبەندی دانوستانەکاندا چاو لێ دەکرد.
ئەمیرعەلی حاجیزادە، فەرماندەی هێزی هەوا و فەزای سپای پاسداران، دیدارێکی بەپەلەی لەگەڵ ئەندامانی باڵای ستادەکەی لە بنکەیەکی سەربازی لە تاران ئەنجام دا، بەڵام گردبوونەوەکە بەپێچەوانەی ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لەبارەی کۆبوونەوەی فەرماندەکان بوو، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلیش ڕاستەوخۆ هێرشیان کردە سەر شوێنی کۆبوونەوەکە و هەموو ئامادەبووان کوژران.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، عەلی خامنەیی بەر لە وتارە تلویزیۆنییەکەی، دیدارێکی بەپەلەی لەگەڵ شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی ئەنجام دا.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزیان ڕاگەیاندووە، خامنەیی لە میانەی کۆبوونەوەکەدا داوای ''تۆڵەی توند''ی کردووە، بەڵام هۆشداریشی داوە کە نابێ بەپەلە هەنگاو بنێن.
لە کۆبوونەوەکەدا ناکۆکیی جیددی لەسەر چۆنیەتی و کاتی وڵامدانەوەی سەربازی ڕووی داوە. بەشێک لە بەرپرسان بەهۆی زیانە زۆرەکانی ژێرخانی بەرگریی مووشەکی و ئاسمانیی ئێران گومانیان لە دەستپێکردنی شەڕێکی تەواو لەگەڵ ئیسرائیل دەربڕیوە.
بە وتەی ئەندامێکی ئەو شۆرایە، ئەگەر ئیسرائیل دامەزراوە گرینگەکانی وەک وێستگەکانی کارەبا یان تۆڕەکانی ئاو و کارەبا بکاتە ئامانج، ئەوا ناڕەزایەتییە نێوخۆییەکان لەوانەیە لەو وڵاتەدا هەڵگیرسێن.
ئەندامێکی سپای پاسداران کە لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاگادار بووە، بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ڕاگەیاند: ''خامنەیی دەبێ بڕیار بدات کە ئایا شەڕێکی پڕتێچوو دەست پێ بکات کە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی ڕووخاندنی ڕێژیم یان پاشەکشە بکات، کە وەک شکستێک چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە سەیر دەکرێت."