کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل چەندین بنکە و دامەزراوەی ڕێژیمی ئێران کرانە ئامانج

18:52 - 24 جۆزەردان 2725

ئەمڕۆ شەممە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و دامەزراوەکانی ڕێژیمی ئێران درێژەی هەبوو و لە ئەنجامی ئەو عەمەلیاتانەدا پایەگا و بنکە و دامەزراوەکانی ڕێژیم لە چەندین شاری ئێران کراونەتە ئامانج.

 میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە ئیسرائیل پادگانێک لە کرماشان و کارگەیەکی ماشین‌سازیی لە لوڕستان بوردومان کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر پادگانی ئیمام حەسەنی کرماشان لە شاری ماهیدەشت، زنجیرەیەک تەقینەوە لەو پادگانە ڕووی دا و دووکەڵی ڕەش ئەو ناوچەی گرتەوە.

ئەو ئەو ڤیدۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە نیشانی دەدەن کە لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیل لە نزیک شاری کەنگاوەر دووکەڵێکی گەورە بەرز دەبێتەوە.

لە لوڕستانیش هێرش کرایە سەر کارخانەیەکی ماشینسازیی زاگرۆس خۆدرۆ لە شاری ئەشتارینان لە بۆروجێرد و سەبارەت بە زیانەکان هیچ زانیارییەک بڵاو نەبووەتەوە.

هێرشەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢٤ی جۆزەردان لە شاری ئەسەدئابادی هەمەدان کە سەکۆی هاویشتنی مووشەک کرانە ئامانج، دوو کوژراو و پێنج برینداری لێ کەوتەوە.

بەپێی ئەو ڤیدیویانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە شاری شیراز بڵاو بووەتە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز دەبیسترێت و بەپێی زانیارییەک شوێنی تەقینەوەکان لە نزیک پیشەسازیی ئەلیکترۆنیی شیراز بووە.

گرتە ڤیدیۆییەکان کە بڵاو بوونەوەتەوە زەنجیرە تەقینەوەیەکی گەورە لە شاری تەورێز لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل نیشان دەدەن.

لە ئابادان گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکان دەریدەخەن کە یادوارەی محەممەدجەواد تۆندگویان، وەزیری پێشووی نەوت، ڕۆژی شەممە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو شارە کرایە ئامانج و هەروەها لە هەمان شار بنکەیەکی ماشینە زێرێهییەکانی ڕێژیم کراونەتە ئامانج.

هاوکات دەروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئابادی تاران کراوەتە ئامانجی هێرشەکان و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان نیشانی دەدەن کە دۆخی ئەو فرۆکەخانەیە زۆر نالەبەرە و هەموو فڕینەکان ڕاگیراون.