کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژرانی دوو فەرماندەی باڵای دیکەی ڕێژیم

18:56 - 24 جۆزەردان 2725

ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، کوژرانی دوو فەرماندەی باڵای دیکەی سپای پاسدارانی پشتڕاست کردەوە.

ئەم ستادە ڕۆژی شەممە ٢٤ی جۆزەردان، لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە لە هێرشە بەرفراوانەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لە بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی بۆ سەر ئێران، دوو پاسداری دیکە بە ناوەکانی غوڵامڕەزا مێحرابی و مێهدی ڕەبانی، لە بەرپرسانی باڵای ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، کوژراون.

مێحرابی، جێگری ئیتلاعاتی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکان بوو و هەروەها ڕەبانی جێگری لقی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەم ستادە بوو.

کوژرانی ئەم دوو فەرماندە باڵایە لەکاتێکدایە کە پێشتر هەواڵی کوژرانی ٤ سەرکردەی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران پشتڕاست کرابوویەوە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا و لە درێژەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچە جیاوازەوکانی ئێران، بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیاکانی سەر بە سپای پاسدارن، ٣ ئەندامی دیکەی سپا لە هێرشی فڕۆکەیەکی شەڕکەر بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە زەنجان کوژراون.

ئەکبەر عەزیزی، حەمید تووماری و دلاوەر ئەمیرخانی، ئەو سێ پاسدارەن کە کوژرانیان لەم هێرشەدا لەلایەن سپای پاسدارانەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە دەنگۆی کوژرانی دوو ئەندامی دیکەی سپای پاسداران لە زەرەندییەی سەر بە پارێزگای مەرکەزی هەیە کە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناویان لەلایەن سپای پاسدارانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.