
دوابەدوای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و دوای ئەوەی دۆناڵد ترامپ داوای لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کرد کە لە زووترین کاتدا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگەنە ڕێککەوتن، ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە دانوستانەکان "ئیتر هیچ مانایەکیان نییە".
ئیسماعیل بەقایی ڕۆژی شەممە ٢٤ی جۆزەردان وتی: بڕیاری تاران بۆ بەشداری لە خولی داهاتووی دانوستانەکان ڕوون نییە. ئەمە لەحاڵێکدایە کە تاران و واشنگتۆن پێشتر بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکایان لە مەسقەت پشتڕاست کردبووەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە دوای بەربڵاوترین هێرشی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ئیتر مانایەکی نییە. ناوبراو سەبارەت بە ئامادەبوونی ئێران لە خولی شەشەمی وتووێژ لەگەڵ ئەمریکا وتی: ''لایەنی بەرامبەر کارێکی کرد کە بە کردەوە دانوستان و وتووێژەکانی بێ مانا کرد.''
ناوبراو لە لێدوانەکەی ڕۆژی شەممەدا ئەمریکای بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا تۆمەتبار کرد و وتی کە هێرشێکی لەو شێوەیە بەبێ هاوکاری، هەماهەنگی، یان لانیکەم چرا سەوزی ئەمریکا بیری لێ ناکرێتەوە.
کاربەدەستانی ئێران پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ئەمریکا ڕۆڵی هەبووە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران.
بەڵام تا ئێستا ئێران دوابڕیاری خۆی سەبارەت بە بەشداریکردن لە خولی شەشەمی دانوستانە ئەتۆمییەکان کە بڕیار بوو سبەی یەکشەممە لە شاری مەسقەتی پێتەختی عومان بەڕێوە بچێت، ڕانەگەیاندووە.
هەرچەندە چارەنووسی دانوستانەکانی تاران و واشنگتۆن کە بڕیار بوو بۆ سنووردارکردنی پیتاندنی ئورانیۆم لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوە بچێت ئێستا لە حاڵەتێکی ناڕووندایە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "هێشتا کات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ماوە ".