
کۆماری ئیسلامی لە گێژاوی قەیرانخوڵقێنییەکانی خۆیدا
هەردی سەلیمی
کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەک ڕێبەرەکەی گوتی کەوتووەتە سەردەمێکەوە کە لەوێدا "لێدان و دەرچوون" شێوەیەکی بەسەرچووە، بەڵام لە ئێستادا ئەمە ڕێک لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا ڕاستە. کۆماری ئیسلامی چەند دەیەیە هەوڵی داوە ئاڵۆزی لە سیستمی جیهانیدا دروست بکات و خۆی بپارێزێ، لێ سەردەم گۆڕاوە و جیهانی ئێستا هێندە ئاڵۆزە کە وڵامدانەوەیەک بە کۆماری ئیسلامی، زۆر ناتوانێ تێکدەری ئەو بێنەزمییە بێت.
ئۆلتیماتۆمێکی دوو مانگە بە کۆماری ئیسلامی درا کە بتوانێ لەم ماوەیەدا خۆی ساخ کاتەوە و بە ڕێککەوتنێک لەسەر بەرنامەی ناوکییەکەی بگات، ڕۆژی پێنجشەممە کاتی ئەم ئۆلتیماتۆمە بەسەر چوو و هێشتا ڕێککەوتنێکیش نەکرابوو. دەبێ لە پێوەندی لەگەڵ وتووێژی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ زلهێزانی جیهان، بەتایبەت ئەمریکا ئاماژە بە خاڵێکی زۆر گرنگ بکەین، ئەویش ئەمەیە کە چەند دەیە وتووێژی جۆراوجۆری ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هەمیشە فاکتۆرێکی سەرەکیی بە ناوی ئیسرائیلی لە پشتی پەردەوە هەبووە. ئەم فاکتۆرە بە هیچ ڕێککەوتنێک قایل نەبووە. کۆماری ئیسلامی ئەم فاکتۆرەی لەبەرچاو نەگرتوە و تەنانەت ڕۆژژمێری لەنێوچوونیشی بۆ داناوە! بەڵام بەپێچەوانەوەی کۆماری ئیسلامی، ئەمریکا زۆری لەلا گرنگ بووە، بۆیە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن لە نێوان ئەم دوو سەری وتووێژەدا دوورەدەست بووە.
ئیسرائیل لەدوای تەواوبوونی مۆڵەتەکەی ترامپ، بەرەبەیانیی ڕۆژی هەینی هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر ئێران. ئەم هێرشە لە درێژەی دوو هێرشی پێشوودا بوو، بەم جیاوازییەوە کە جاری پێشوو، بواری بۆ ئەم جار خۆش و لە ڕووی ئاسمانییەوە ئێرانی بێدەسەڵات کردبوو. ئەم هێرشەی ئیسرائیل کە لە ئەنجامیدا چەندین فەرماندەی نیزامیی پلەباڵای کۆماری ئیسلامی و چەندین شوێنی ستراتێژیک و چەند سایتێکی مووشەکی و دامەزراوەی ناوکیی پێکا، سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ ئەرتەشی ئەو وڵاتە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا کۆتاییی نەهاتوە و بڕیار وایە بەردەوام بێت.
سەرۆک وەزیری ئیسرائیل لە یەکەم لێدوانی دوای ئەم هێرشەدا ڕایگەیاند کە ئەوان دەیانهەوێ هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی لەسەر خۆیان بڕەوێننەوە و تا لەنێوبردنی ئەو هەڕەشانەش بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنەکەیان کە ناوی "شێری ڕاساو"یان لێ ناوە؛ وەک خۆیان ئاماژەیان پێکردوە ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ مەبەستی نەهێشتنی هەڕەشەکانی ئێران لەسەر ئیسرائیل بەڕێوە چووە.
کۆماری ئیسلامییش بۆ وڵامدانەوە بەم هێرشانە لە شەوی ڕابردووەوە چەندین مووشەک و درۆنی لەژێر ناوی "وعدەی صادق ٣" ئاراستەی ئیسرائیل کردوە کە تا ئێستا چەندین کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە. دەبێ چاوەڕوان بین بزانین ئەم ڕووبەڕووبوونەوە هەتا کوێ و چ ئاستێک درێژەی دەبێ.
لێرەدا ئەوەی گرنگە بوترێ ئەوەیە کە ئەم شەڕە کە لانیکەم لە دوو ساڵ لەمەوبەرەوە سێبەری قورسی بەسەر ئێراندا کشاندوە، ئێستا ڕووی داوە و دەستی پێکردوە، بەڵام لە ڕاستیدا دەسپێشخەری ئەم شەڕە جگە لە کۆماری ئیسلامی نەبووە.
ئەم ڕێژیمە کە نزیکەی پێنج دەیە دەبێ دەستی بەسەر وڵاتی ئێراندا گرتوە، سەرچاوەکانی داگیر کردوە، سەروەت و سامانی ئەو وڵاتەی لە پاوانی خۆی گرتوە، بەردەوام دروشمی ڕووخانی ئیسرائیل و ئەمریکای داوە، لە هەمان کاتیشدا خەڵکی وڵاتەکەی لە برسییەتی و هەژاریدا هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆمییەک ڕابگات کە هەڕەشەیەکی هەمیشەیی بێت لەسەر هەموو جیهان و بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی وا مەرگ و نەمانیان بۆ دەخوازێ.
لە وەها دۆخێکدایە کە هیچ لایەنێک باوەڕی پێ ناکات و دەزانن بەو ڕابردوو و کارنامەی کە لە شەڕهەڵایسێنی و ئاژاوگێڕیدا هەیەتی، مەبەستی لە پیتاندنی ئۆرانیۆم بەکارهێنانی ئاشتیخوازانەی نییە، بەڵکوو هەڕەشەیەکی گشتی و هەمیشەیییە لەسەر ئاشتی و ئاسایشی هەموو دنیا؛ هەر بۆیە بەتوندترین شێوە وڵام دەدرێتەوە.
کۆماری ئیسلامی دەیتوانی یەکێک بێ لە سەقامگرتووترین وڵاتانی جیهان، بەڵام ئەم دەسەڵاتە ئیدئۆلۆگ-ئەمنیەتییە هەرگیز ڕێگەی سازانی نەگرتووەتە بەر و بەردەوام لە بیری تێکدانی ئاسایشی وڵاتان و تێرۆر و تۆقاندن و هەڕەشە و شەڕنانەوەدا بووە، بۆیە ئێستاش وڵاتەکەی لە ڕووی ئابووری، نیزامی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و... بردووەتە لێواری داڕمان.
وەک دوایین وتە: وەک باس کرا کۆماری ئیسلامی هەموو دەرفەتەکانی سووتاندووە، ئێستا دوو ڕێگای لەبەردەمدایە: یان دەبێ ئەم ڕێیەی گرتوویەتە بەر هەتا کۆتایی بیبا و دژکردەوەی توند و هەستەکیی هەبێ و ئەمریکاش لە ناوچەدا بکاتە ئامانجی هێرشەکانی وێڕای ئیسرائیل. یا تەسلیمی ویستی دوژمنەکانی بێت؛ لە هەردوو حاڵەتدا ئەمە کۆماری ئیسلامییە کە بەرەو کۆتایی چووە.