
شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ کۆماری ئیسلامی شەڕی گەلانی ئێران نیە
ئەفشین مەعرووفیان
زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ئێران لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو شەڕەی کۆماری ئیسلامی لە دژی ئیسڕائیل هەڵگیرساند و ئێستا ڕاستەوخۆ ئەوکی خۆیشی گرتووەتەوە، شەڕی گەلانی ئێران نیە. ئەم ئاگرە ئاگرێکە لە تارانەوە هەڵگیرساوە کە دەیان ساڵە دروشمی سڕینەوەی ئیسڕائیل دەدا و هێزی نیابەتیی بۆ پێکدێنی و تەیاریان دەکات.
ئەمڕۆکە بۆ هەمووان ئاشكرایە کە ئەم شەڕە فڕی بە ئیرادە و بەرژەوەندیی گەلانی ئێرانەوە نیە، بەڵکوو مەرامی ئایدۆلۆژیی ئۆختاپووسێکە دەیان ساڵە سێبەری مەرگی بەسەر ئێراندا کێشاوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ دەسەڵاتێک کە دوژمنایەتییەکەی هەر لەگەڵ وڵاتانی دیکە نیە، بەڵکوو لەگەڵ خەڵکی ئێران، لەگەڵ ژنان، لەگەڵ ڕۆشنبیران و لەگەڵ نەتەوەکان پێش هەموویان کورد و لەگەڵ ئازادییە.
ڕێژیمێک کە چوار دەیە بە سەرکوت و ئێعدام و ئەشکەنجە و درۆ و فریودان ئاگری شەڕی لە کوردستان کردوەتەوە. ئەم ڕێژێمە بەڕواڵەت پاڵپشتی حەماس و حیزبوڵڵا بووە بەڵام ئەوانیشی هەر بۆ مەرامە ئایدۆلۆژییەکانی بوو و هۆکاری ڕاستەوخۆی ڕووداوی ٧ی ئۆکتۆبەر و هێرش بۆ سەر ئیسرائیل بوو. هەڵگیرساندنی شەڕێک کە ئاگرەکەی لە غەززەوە هەتا لوبنان، یەمەن و ئێستا تاران و شارەکانی دیکەی ئێران بڵێسە دەدا.
کوردستان لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامیدا هەم قوربانیی سەرەکیی تاوان و جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمە بووە و هەیە، هەم لە ڕیزی هەرە پێشەوەی خەبات و خۆڕاگری دژی ئەم ڕێژیمە بووە. بە درێژایی ئەم مێژووە کورد تێرۆر کراوە، خاکەکەی داگیر و سەروەت و سامانی بە تاڵان براوە، ڕۆڵەکانی دەسبەر و زیندانی و ئێعدام کراوە، میلیتاریزە کراوە و هەوڵی بەچۆکداهێنانی دراوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە ڕۆژی سەرەتاوە دەنگی "نا"ی بۆ ئەم ڕێژیمە بەرز کردۆتەوە و هەتا ئێستاش باجی ئازادیخوازی و خەبات بۆ مافە ڕەواکانی دەدات. بەڵام نەک کۆڵی نەداوە، بەڵکوو لە هەموو بڕگەکانی مێژووی هەڵوێست و بەربەرەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا پێشەنگ و ڕچەشکێن بووە کە تازەترینیان بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو کە بووە خاڵگۆڕانی مێژووی ئێران؛ لەخۆڕا نیە کە ترسی ڕێژیم لە بزووتنەوە بەهێز و ئامانجدارەکانی کوردستان گەورەترین جینایەتەکانی خوڵقاند کە لە شۆڕشی ژینادا لە هەموو شارەکانی کوردستان بینیمان.
ترسی ڕێژیم لە کوردستان بۆ بەهێزی پێگەی حیزبە سیاسییەکانی کورد لە سەروو هەموویان حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە، حیزبێک کە تەنیا ڕێکخراوێکی سیاسی نیە، بەڵکوو بڕبڕەی پشتی بزووتنەوەیەکەشە. حیزبێک کە کۆماری ئیسلامی تاوان نەما لە حەقیدا نەکا، لە تێرۆری سەدان کادر و پێشمەرگەی و لە سەروو هەمووانەوە ڕێبەرانی، لە تەقاندنەوەی بنکە و بارەگاکانی، لە مووشەکباران و هێرشی بێوچان بۆ سەر ئەندامەکانی لە نێوخۆی وڵات. بەڵام ئەم حیزبە پشتئەستوور بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەیداخی خەباتی کورد بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی شەکاوە ڕاگرتوە.
لە کاتێکدا کاروانی خەبات و خوێنی ڕۆڵەکانی کورد لە ئێران بەردەوامە، خاڵێکی گرینگ کە دەتوانێ ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکان کورتتر و کەم تێچووتر بکاتەوە، ئەوەیە لە بارودۆخی ئێستای ئێران و کوردستاندا هەرکام لە تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە هەر جێگە و پێگەیەکدا هەن و بە هەر شێوازێک کە پێیان بکرێت، هەوڵ بدەین دەرفەتەکانی کار و چالاکیی شوێندانەر لە ڕەوتی خەباتی هاوبەشیاندا لە کیس نەدەن و ڕێگە نەدەن جیاوازیی بیروڕا و بەرژەوەندییە تەسکە تاکەکەسی و گرووپییەکان ببێتە لەمپەر لە بەردەم یەکگرتوویی و هاوپەیوەندیی نەتەوەیی کورددا.
لەو بارودۆخە هەستیارەدا پێویستیە جۆراوجۆری و فرەییەکان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بکرێتە هەوێنی دەوڵەمەندیی گوتار و تۆکمەیی ڕێکخستن و بەهێزیی کردەیی خەبات. پێویستە بە زاڵبوون بەسەر کەلێن و دووبەرەکی و ڕکەبەرییەکان باشتر ڕێگا بۆ سەرکەوتن خۆش بکەین.