
وتەبێژی کۆشکی سپی باسی لە پێشنیارەکەی ئەمریکا بۆ ئێران کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەم پێشنیارە بە ڕادەی پێویست پوخت و گونجاوە و هەروەها باشترە کە تاران قەبووڵی بکات.
کارۆلین لەیویت لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە ستیڤێن ویتکاف، پێشنیارێکی گونجاوی لە ڕێگەی وەزیری دەرەوەی عومانەوە ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کردووە و جەختیشی کردووەتەوە کە بە قازانجی تارانە بەم پێشنیارە ڕازی ببێت.
لەیویت لە درێژەدا ئاماژەی بەوە داوە کە وردەکاریی پێشنیارەکە باس ناکات بەڵام بۆ جارێکی دیکە قسەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکای لەم ماوەیەدا سەبارەت بە بەرنامە ناوکییەکانی ئێران دووپات کردووەتەوە کە جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە، کۆماری ئیسلامی هیچکات دەستی بە بۆمبی ئەتۆم ناگات.
هاوکات عەباس عێراقچی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە هەژماری ئێکسی خۆیدا وەرگرتنی پێشنیارەکەی لە وەزیری دەرەوەی عومان پشتڕاست کردەوە.
لە پاش پێنج جار دانیشتن و وتووێژ لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە ماوەی ڕابردوودا، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانی خۆی سەبارەت بە ئاکامی ئەم دانیشتنانە ڕایگەیاندووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەگەڵ تاران ڕێککەوتنی ناوکی واژۆ دەکرێت.
ئەمریکا لەم وتووێژانەدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە بە هیچ شیوەیەک نابێت لەنێو خاکی ئێراندا پیتاندن ئەنجام بدرێت. لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی وەلانانی بەرنامەکان بۆ کۆتاییهێنان بە پیتاندنی ئورانیۆمیان بە هێڵی سووری تاران لە قەڵەم داوە.