
لە کاتێکدا ملیۆنان بنەماڵە لەژێر گوشاری ئابووریی تونددان، لە چەند مانگی ڕابردوودا نرخی کەلوپەلی سەرەکیی وەک نان و برنج بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، نرخی نانی ماشینی تەنیا لە نێوان مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٣ تا جۆزەردانی ١٤٠٤ زیاتر لە ٨٤٪ بەرز بووەتەوە.
نرخی یەک بەستە نانی باگێت لە ١٩ هەزار تمەنەوە بۆ ٣٥ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە و نان سەنگەکی ئازاد لە تاران بە ٢٥ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
ئەم بەرزبوونەوەی نرخە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا نرخی فەرمیی نانی دەستی بە تەواوی ڕانەگەیەندراوە.
لەلایەکی دیکەوە نرخی برنجی ئێرانی لە دوو مانگی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٣٦٪ بەرز بووەتەوە و هەر کیلۆیەکی گەیشتووەتە ٢٣٠ هەزار تمەن.
جووتیاران برنج بە نزیکەی ٨٠ هەزار تمەن دەفرۆشن، بەڵام ئەم بەرهەمە لە بازاڕدا بە ٢٠٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
بەرزبوونەوەی نرخەکان بەر لەوەی سوود بە بەرهەمهێنەران بگەیەنێت، گیرفانی دەڵاڵ و کۆمپانیا نیمچە حکومییەکانی پڕ کردووەتەوە و ئاسایشی خۆراکی بنەماڵەکان دەخاتە مەترسییەوە.
لە کاتێکدا هەڵاوسانی درێژخایەن و دۆخی خراپی ئابووری، توانای کڕینی خەڵکی لە دەیەکانی ڕابردوودا گەیاندووەتە نزمترین ئاستی خۆی، ڕێژیم نەک هەر نەیتوانیوە سیاسەتێکی پشتیوانیی دیاریکراو پێشکەش بکات، بەڵکوو بە نەهێشتنی یارمەتییەکانی ئاردی یارانە، بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەلی کشتوکاڵی و نەبوونی چاودێرییەکی کاریگەر لە بازاڕدا شەپۆلێکی نوێی گوشاری بژێوی بەسەر خەڵکدا سەپاندووە.
ئەم بەرزبوونەوەی نرخانە لە کاتێکدایە کە هێشتا برنجی نوێ نەهاتۆتە بازاڕەوە و پێداچوونەوەش بە نرخی نانی دەستیدا دەکرێت و لەگەڵ هاتنی بەرهەمی نوێ بۆ بازاڕ و بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی ئێستا شەپۆلێکی نوێی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ڕێگادایە.