کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و هەڕەشەی بەردەوام بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە

00:06 - 25 جۆزەردان 2725

ئێران و هەڕەشەی بەردەوام بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە

ڕەحیم نزهەت‌زادە

کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٧ەوە، نەک هەر پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتی گۆڕی، بەڵکوو بە خێرایی سیاسەتی دەرەوەی خۆی، لەسەر بنەمای هەناردەکردنی شۆڕش، ڕووبەڕووبوونەوەی نەزمی ناوچەیی و جیهانی داڕشت و دامەزراند. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا، ئەم سیاسەتە بە شێوەیەکی ڕێکخراو، لە ڕێگەی دروستکردن، پاڵپشتیکردنی گرووپە میلیشیاکان و بەهێزکردنی میحوەرەکانی بە وەکالەت لە ناوچەکەدا، هەروەها لە ساڵانی ڕابردوودا، بە گرنگیدانێکی تایبەت بە پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان، لەوانەش بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکی، پەیڕەو کراوە. لەم نێوەندەدا، بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی کۆماری ئیسلامی، بە تەنیا بە پرۆژەیەکی زانستی یان پیشەسازی نازانرێت، بەڵکوو وەك ئامرازێکیش بۆ شەڕەنگێزی و هەڕەشەی ئەمنی، لە ئاستی ناوچەیی و سەروو ناوچەیی لێك‌دەدرێتەوە.

بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران: ئامرازی نفووز یان هەڕەشە؟

ئێران هەمیشە پێداگریی لەسەر ئەوە کردوە، کە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئاشتییانەیە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بەڵگە کە لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا و تەنانەت هەندێک دامەزراوەی سەربەخۆوە كە بڵاو کراونەتەوە، وێنەیەکی جیاواز دەخەنە ڕوو. وەک:

- ڕاپۆرتە دووبارەکانی ئاژانس، سەبارەت بە نەبوونی شەفافییەتی ئێران سەبارەت بە سەرچاوەی ئەو ئۆرانیۆمەی دۆزراونەتەوە کە لە سایتەكان و ڕاپورتەكاندا ڕانەگەیەندراوە؛

- ڕەتکردنەوەی و ڕێگریكردنی ئێران لە دەستپێڕاگەیشتنی پشكێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی بە سەرچاوە گوماناوییەکانی.

- پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستێکی زۆر لە دەرەوەی پێداویستییە ئاشتیخوازەکان (بۆ نموونە تا ٦٠%)؛

- چالاکیی و تاقیكردنەوەی هاوتەریب لە بوارەکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بە توانای هەڵگرتنی سەری ئەتۆمی.

کۆی ئەو بەڵگانە، نەک هەر متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئامانجەکانی ئێران نەهێشتوە، بەڵکوو زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکەشی، بەرەو پێشبڕکێی چەک پاڵناوە.

هێرشی ئیسرائیل: خۆپاراستنی شەرعی، یان دەستدرێژیی سەربازی؟

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئیسرائیل هێرشێکی ئامانجداری بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و هەروەها بۆ سەر ئەو بنکە سەربازییانەی کە فەرماندەکانی سوپای پاسداران و زانایانی بەشدار لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تێدا نیشتەجێن، دەست پێ کردوە. ئەم کارە جارێکی دیکە مشتومڕی یاسایی و سیاسیی لەسەر شەرعییەتی ئەم جۆرە هێرشانە، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا گەرمتر کردووەتەوە.

بەپێی مادەی ٥١ی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەوڵەتان مافی بەرگریکردنیان لە خۆیان هەیە، ئەگەر ڕووبەڕووی "هێرشی چەکداری" ببنەوە. ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە هەڕەشەی بەردەوامی ئێران، کردەوەکانی ڕابردووی سوپای قودس و گرووپە بە وەکالەت کە تاران پاڵپشتییان دەکات (لەوانەش حەماس، حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن)، هێرشەکەی وەک بەشێک لە سیاسەتی بەرگری و خۆپارێزی خۆی سەیر کردوە. جگە لەوەش، چەندین بەڵگەنامە، لەوانەش لێدوانی گشتی بەرپرسانی ئێران سەبارەت بە "لەناوبردنی ئیسرائیل"، لەگەڵ کردەوە پراکتیکییەکانیان، بووەتە هۆی، لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، قبوڵکردنی و بێدەنگی شەرعی بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل. لە ڕاستیدا کاتێک وڵاتێک بە بەردەوامی هەڕەشەی زارەکی و کردەیی، لە دژی بوونی وڵاتێکی دیکە دەرئەبڕێت و لە هەمان کاتدا خەریکی پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا مەترسیدارەكانە، کە توانای سەربازی حاشا هەڵنەگریان هەیە، چەمکی "لێدانی پێشوەختە" لە ئیستسنایەكەوە، دەگۆڕێت بۆ ستراتیژییەكی پێویست.

کاریگەرییە ناوچەیی و جیهانییەکان

ئەم هێرشە، نەک هەر دەرئەنجامە سەربازییە ڕاستەوخۆکانی لێ کەوتەوە، بەڵکو پەیامێکی ڕوونیشی بۆ ئەکتەرەکانی دیکەی ناوچەکە، بەتایبەت لە کەنداوی فارس، ئورووپا و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی ئاسیاش نارد: درێژەدان بە ڕەوتی ئێستای کۆماری ئیسلامی، بۆ پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە، بەبێ تێچوو نابێت. وڵاتانی وەک عەڕەبستان، ئیمارات، بەحرەین و تەنانەت میسر و ئوردن کە هەمیشە نیگەرانییان لە سیاسەتە شەڕەنگێزەکانی ئێران هەبووە، ئەم کارەی ئیسرائیلیان وەک جۆرێک لە هاوسەنگیکردنی ناوچەیی لێک‌داوەتەوە. لەسەر ئاستی دەرەوەی ناوچەكە، ئەمریکا و زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپا، سەرەڕای هەڵوێستە دیپلۆماسییە فەرمییەکانیان، بەکردەوە لە هەندێک حاڵەتدا تەحەمولی ئەو كردەی ئیسرائیلیان کردوە و تەنانەت لە هێندێك حاڵەتدا، پشتگیریان کردوە.

ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی، تەنیا بە بەرنامە ئەتۆمییەکەوە سنووردار نیە. سیاسەتەکانی تاران لە لوبنان، سووریە، عێراق، یەمەن و ئەفغانستان، دەریخست کە ڕێژیمی ئێران هیچ هەوڵێکی بۆ پاراستنی هەژموونی ناوچەیی خۆی لە هیچ ئامراێك وەك پڕچەككردنی هێزە نادەوڵەتییەكان، تا ئۆپەراسیۆنی تێرۆریستی لە دەرەوەی سنوورەكان، خۆی نەپاراستوە. ئۆپەڕاسیۆنەکانی وەک تەقینەوەکەی بوینس ئایرێس (١٩٩٤)، تیرۆرکردنی ناڕازییان لە ئورووپا و دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە شەڕی نێوخۆی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی ڕاست، وێنەیەکی ڕوون لە سیاسەتی دەرەوەی شەڕانگێزی ئێران دەخەنە ڕوو.

ئەنجام:

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییە هەستیارەکانی ئێران دەرەنجامی چەندین ساڵ هەڕەشە و سەرپێچیکردنی ئێرانە لە بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها پێداگریی ئێرانە لەسەر ناسەقامگیرکردنی ناوچە. هەتا کۆماری ئیسلامییش لەسەر ڕێبازی ئێستای خۆی بەردەوام بێت، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە گرژی، ململانێ و پێشبڕکێی چەکداری داناماڵدرێ. جیهان ناتوانێت بەرامبەر بەو مەترسییە پەرەسەندووانەی ڕێژێمێک، کە پاڵنەری ئایدیۆلۆژی، لێهاتوویی تەکنەلۆژی و مێژووی تیرۆریزمی هەیە، بێلایەن بێت.