
ئیسڕائیل دزەی کردووەتە نێو نهێنیترین قوژبنەکانی ڕێژیمی ئێران
داگێنس نیهێتێر – ناتان شاچار
کەماڵ حەسەنپوور کردوویەتی بە کوردی
هێزی هەوڵگریی موساد بۆ ماوەی دوازدە ساڵ ئامادەکارییان بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە کرد کە ئێستا لە ئێران لە ئارادایە. وەکوو هێرشەکانی پێشوو دژی ئامانجەکان لە نێوخۆی ئێران، ئەو سیخوڕە ئێرانییانە کە لە لایەن مووسادەوە ڕاهێنانیان پێکراوە، دەوری سەرەکییان گێڕاوە.
لەو بنکانە ڕا کە سیخوڕەکانی ئێرانیی موساد لە نزیک ئامانجی ستراتیژیک دروستیان کردبوون، ژمارەیەکی بەرچاو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هاژەکی هەنگێوی دیکە هەستان. لە شوێنی دیکە لە نێوخۆی ئێران ئامێرەکانی پەیوەندیی نێوخۆیی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لەکار خست و گوێیان بۆ هەڵخستن.
دزە پێکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ نێو سنوورەکانی ئێران بۆخۆی ئالنگارییەکی مەزنە. بەڵام کارە دژوارترەکە گەیاندنی بۆ پێکانی ئامانجەکانیانە، بە تایبەت کاتێک ئامانجەکان پارێزراوترین شوێنی سەربازیی و کەسە سەرەکییەکانی تەکنۆلۆژیای هاژەکی و ناوکی ئێران بن. مێدیاکانی ئێران بە گوێرەی نەریت پێداگرن کە کەسە سەرەکییەکانی ڕێژیم زۆر بە دەگمەن دوو شەو لە شوێنێک دەخەون و هەمیشە لە بینای خۆڕاگر لە بەرانبەر بۆمباراندا دەژین. ئەو ڕاستییە کە ناوەندە فەرماندەییەکانیان بە مەودایەکی قووڵ لەژێر زەوی هەڵکەوتوون دەمێکە زانراوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو ڕووداوانەی بۆ ئێرانییەکانی پلە بەرز و هاوپەیمانانی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە بەیروت و دیمەشق ڕووی داوە، ئەو ڕاستییە کە ئەو هەموو کەسانەی لە پلەی ڕێبەریی ئێران لە سەرەوەی عەرز بوون، لە شوێنی نەپارێزراو بە پەنجەرەی ئاساییەوە، گەلێک جێگەی سەرسووڕمانە. هەرچۆنێک بێ، ئاکامەکە ئاشکرای دەکات کە موساد چەند دزەی کردووەتە نێو کاکڵی دەسەڵاتی سەربازیی ئێران، یان لە ڕێگەی سیخوڕەوە یان بە شێوەی ئێلێکترۆنی.
کەسێکی خاوەن ئەزموون لە بارەی هەواڵگریی ئیسڕائیلەوە بە داگێنس نیهێتێری گوت: دژوارترین کاری هەواڵگریی لە کاتی هێرشێکی بەربڵاودا ئەوەیە کە ڕووداوەکانی ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەیەک ڕێک بخەی کە هەموو شتەکان هاوکات ڕوو بدەن. بێتوو کەسێک یان شوێنێک یەک خولەک زووتر بکەوێتە ژێر هێرش، دوژمن وشیار دەبێتەوە و ئەوانەی دەتهەوێ بیانپێکی ڕا دەکەن بۆ ژووری پارێزراو.
هەر شەوی هەینی موساد وێنە و ڤیدیۆی لە شوێنەکانی شەڕەکە بڵاو کردەوە، کە ئەوە لادانێک بوو لە نەریتی سیاسەتی نهێنیپارێزیی ئەو ڕێکخراوەیە. ڕەخنەگران بیر لەوە دەکەنەوە ئاخۆ ئەوە بەرزترین فەرماندەی موساد، بنیامین نەتانیاهوویە کە بەو شێوەیە دەیهەوێ کاریگەریی بخاتە سەر ڕای گشتی و دەنگدەران؟
پرسیاری سەرەکی ئێستا ئەوەیە چۆن لە لایەکەوە ئێران و لە لایەکی دیکەوە وڵاتە یەکگرتووەکان کاردانەوەیان دەبێ. ئاخۆ ئێران، ئەو کارە دەکات کە سوێندی بۆ جێبەجێ کردنەکەی خواردوە، واتە هێرش بۆ سەر بنکەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچە؟ و ڕەنگبێ بەو شێوەیە وڵاتە یەکگرتووەکان پەلکێشی جەنگ لەگەڵ ئێران بکرێ، وەکوو نەتانیاهوو خەونی پێوە دەبینێ؟
نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا، کاتێک پارێزراوترین و گرینگترین هاوپەیمانەکەی، حیزبوڵڵای لوبنان، گرینگترین رێبەرەکانی و ناوەندەکانی ڕێبەریی شەڕ لە ناو چوون، ئەوانەی کەوتبوونە بەر هێرش بە تەواوی سەرسوڕماو بوون. لە ماوەی چەند ساڵدا هەوڵگریی ئیسڕائیل لە لای مێدیا و پسپۆڕان سکاڵای کردبوو کە دزە کردن بۆ نێو پێکهاتەی ڕێبەریی هیرارشیی حیزبوڵڵا چەندە دژوارە. ئەوە ڕاست نەبوو، بەڵام بووە هۆی ئەوە کە میلیشیای شیعە بکەوێتە دۆخێکی ساختەی هەست بە دڵنیایی کردن.
ئەمجارە وێدەچێ شتێکی هاوشێوە لە ئێران ڕووی دابێ. بێتوو بەرگریی ئاسمانیی ئێران ساڵی ڕابردوو لەنێو چووبێ، بۆچی ئەو هەموو سامانەی ئێران هێشتا لە سەر زەویی مابوونەوە؟ ئەوە تەنیا دامەزراوەی ناوکی نەبوون کە هێرشیان کرایە سەر، بەڵکو جبەخانەی چەکوچۆڵ و سەکۆی هاویشتنی هاژەکانیش.
ئێستا تێدەگەین کە ئەو هەموو ڕاپۆرتەی مێدیا لەمەڕ دووبەرەکیی مەزن لە نێوان واشینگتۆن و ئورشەلیم تەنیا شانۆ بووە. ئیسڕائیل قەت پلانی ئەوەی نەبوو کە وڵاتە یەکگرتووەکان سورپرایز بکات یان بە پێچەوانەی ویستی وڵاتە یەکگرتوەکان هێرش بکاتە سەر ئێران. دۆناڵد ترامپ لە پێشدا ئاگادار کرابۆوە و ناوبراو هیچ دژکردەوەیەکی نەبوو. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ناوبراو تا کوێ ئیزن دەدا بە ئیسڕائیل تا درێژەی بە لێدانی ئێران بدا؟ ئامانجەکانی ترامپ و نەتانیاهوو دوو ئاراستەی جیایان هەیە: ترامپ هیوادارە هێرشەکان ئێران ناچار بکات لە کاتی دانووستانە ناوکییەکان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان نەرمتر بێ، لە کاتێکدا نەتانیاهوو هیوادارە ڕێکەوتنێکی ئەوتۆ لە نێوان ئێران ووڵاتە یەکگرتووەکان تێک بدا.