کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆڵی چەکە پێشکەوتووە دروستکراوەکانی ئیسرائیل، لە هێرشەکان بۆ سەر ئێران

09:40 - 25 جۆزەردان 2725

ڕۆژنامەی هائارێتس لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا باسی لە کۆمەڵیک لەو چەک و تەقەمەنییانەی کردووە کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە هێرشەکانی خۆی بۆ سەر دامەزراوە و ماڵی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کەڵکی لی وەرگرتووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە کۆمەڵێک دڕۆن، مووشەکی دژەتانک و بۆمبی بچووک لەم هێرشانەدا کەڵک وەرگیراوە کە تێیاندا تێکنۆلۆژییەکی بەڕۆژ و وردبینانە بەکار هاتووە.

ڕاپۆرتەکە زیادی دەکات کە کەڵکوەرگرتنی ئەرتەشی ئیسرائیل لەم چەکانە هاوتەریب لەگەڵ جێگیربوونی هێزە تایبەتەکانی مووساد لە نێوخۆی ئێراندا، بووەتە هۆی وەها سەرکەوتنێکی سەربازی لە تەنیا چەند کاتژمێری یەکەمی دەسپێکی شەڕدا.

ئەم ڕۆژنامە ئیسرائیلییە لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا و بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک وێنە و گرتە ڤیدیۆی بڵاوکراو لە هێرشەکانی بەرەبەیانیی هەینی بۆ سەر ئێران نووسیویەتی: "بەشێک لەم هێرشانە لە ڕێگەی دڕۆنەکانەوە ئەنجام دراون، بەڵام ڕوون نییە کە ئەم دڕۆنانە لە نێوخۆی ئێرانەوە کۆنتڕۆڵ کراون یان بە سیستمێکی لە ڕێگەی دوورەوە".

هەر چەند کە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی ڕابردوو کۆمەڵێک ڤیدیۆی سەبارەت بە ئەنجامی بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکەی بڵاوە کردەوە کە تێدا دیار بوو چەند کەسێکی سەر بە مووساد و ئەرتەشی ئیسرائیل ژماریەک دڕۆن بۆ ئەنجامی هێرشەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن.

هائارێتس لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا وێنەیەکی لە کوشتنی بەرپرسێکی ئێران بڵاو کردووەتەوە کە ئاسەواری جەکێکی باڵدار لەسەر دیواری بیناکەیە و ڕایگەیاندووە کە بەپێی شێوازی کونبوونی دیوارەکە، ئەگەری هەیە لە مووشەکی جۆری "سپایک" بۆ ئەم هێرشە کەڵک وەرگیرابێت کە دروستکراوی پیشەسازییەکانی نێوخۆی ئیسرائیلە و بەرهەمی کارخانەی "ڕافائێل"ـە.

مووشەکی سپایک جۆرێک لە مووشەکەکانە کە لە شێوازی جۆراوجۆردا دەتوانێت لەسەر فڕۆکەی شەڕکەر، دڕۆن و کەشتی سوار بکرێت و هەروەها دەشکریت لە جۆریکی دیکەدا بە دەستی تاک هەڵبگیرێت و بەکار بهێندرێت.

 

ڕاپۆرتەکە زیاتر لەسەر چەکە نێوخۆییەکانی ئیسرائیل مانۆڕ ئەدات و ئاماژە بە دڕۆنێک بە ناوی "هێرۆن" دەکات کە ئەویش دروستکراوی نێوخۆی ئیسرائیلە و و توانای ئەوەی هەیە لە بەرزاییەکی کەمدا هەڵفڕێت و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە هەڵفڕینی ئەم دڕۆنە لەو بەرزاییە کەمەدا، نیشاندەری ئەوەیە کە توانیویەتی بەرپرچی سیستمە دژە ئاسمانییەکانی ئێران بداتەوە.

لە بەشێکی دیکەدا باس لە جۆری ئەو بۆمبانە دەکریت کە بۆ کردنەئامانجی پڕۆژە ناوکییەکانی ئێران بەکار هاتوون. لەم بەشەدا ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە دوو جۆر لە بۆمبەکان دەکات کە توانای تێکشکاندنی پتەوکارییەکانی بیناسازییان هەیە و تەنانەت پاش تەقاندن دەتوانن مەودای سەد کیلۆمیتر و دوو هەزار کیلۆمیتر تێپەڕ بکەن.

یەکێک لەم بۆمبانە، بۆمبێکە بە ناوی "چۆلەکەی شین" و هائارێتس شی دەکاتەوە کە ئەم بۆمبەش کە لە هێرش بۆ سەر بنکە ناوکییەکاندا بەکار هاتووە دروستکراوی کارخانەی ڕافائێلی ئیسرائیلە و توانای ئەوەی هەیە هاوشێوەی مووشەکێکی بالستیک لە کەشی زەوی بچێتە دەرەوە و مەودای دوو هەزار کیلۆمیتر تێپەڕ بکات و ئامانجەکەی خۆی بپێکێت.

هەروەها لە کۆتاییدا ئاماژە بە ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری پێکانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل کراوە و هاتووە، دوو فڕۆکەی "هێراکلێس" کە وێدەچێت هەڵگری کۆمەڵێک لە کۆماندۆکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بێت، لە ئاسمانی سووریەدا بینراون کە لە کاتی پێویستدا بتوانن فڕۆکەوانەکان دەرباز بکەن.