کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی پێنج مانگدا ٧٦ بەندکراوی بەلووچ لە سێدارە دراون

11:47 - 12 جۆزەردان 2725

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پێنج مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا لانیکەم ٧٦ بەندکراوی بەلووچی لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی ئەو وڵاتە لە سێدارە داوە. ئەم ئامارە نیگەرانکەرانە نیشاندەری بەکارهێنانی ئامرازیی سزای لەسێدارەدان و سەرکوتکردنی خەڵکی بەلووچ لە ئێرانن.

بەپێی ڕاپۆرتی کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، لە کۆی ژمارەی ئێعدامکراوەکان، ٥٤ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، ١٧ کەس بە تۆمەتی کوشتن و ٥ کەس بە هۆکاری عەقیدەتی و سیاسی لە سێدارە دراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرێک لەو کەسانە بەبێ دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و بەشێوەی نادادپەروەرانە دادگایی کراون.

زۆرێک لە زیندانییانی بەلووچ لەسەر چالاکیی ئایینی، عەقیدەتی، یان تەنانەت فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی ئازار دەدرێن و بە تۆمەتی ئەمنییەتی یان سیاسی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

هەرچەندە دانیشتووانی بەلووچ تەنیا نزیکەی ٥ بۆ ٦ لەسەدی کۆی دانیشتووانی ئێران پێک دەهێنن، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەم کەمینە نەتەوەییە لە چاو ڕێژەی دانیشتووانی پشکێکی زۆر زیاتری لە ئێعدامەکان هەبووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەوانە ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و کەمپەینی چالاکانی بەلووچ، خەڵکی بەلووچ زیاتر لە ٢٤ لەسەدی هەموو ئەو کەسانەی لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە ئێران لەسێدارە دراون پێک هێناوە؛ ئەم ئامارە نیگەرانکەرانە بەڵگەیەکی ڕوونن بۆ جیاکاریی ڕەگەزی و ئایینی و پێکهاتەیی دژی ئەم کۆمەڵگەیە.

لەسێدارەدانی بەربڵاوی زیندانییانی بەلووچ لە ئێران، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا، ڕوانگەیەکی ئامانجدار بۆ سەرکوتکردنی نەتەوەکان و دروستکردنی ترس و کۆنترۆڵی سیاسی و ئەمنییەتی نیشان دەدات.