کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ژمارەیەک ژن و منداڵ کوژران

12:24 - 25 جۆزەردان 2725

میدیاکانی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری کوژراو و بریندارانی هێرشەکانی شەو و ڕۆژی ڕابردووی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیلی بڵاو کردەوە کە ئامارەکان ڕوو لە زیادبوونن.

بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکان لە شاری بات یام دوو ژن و دوو منداڵی تەمەن ١٣ و ١٠ ساڵ کوژراون و دەیان کەس بریندران.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "دوو شەوی لە دوای یەکە، ڕێژیمی ئێران ماڵ و قوتابخانە و شوێنی گشتی و نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل بە ئەنقەست دەکاتە ئامانج و تا ئێستا زۆرترین خەساری گیانیی بە خەڵکی مەدەنی گەیاندووە و هەروەها لە شارە جیاجیاکانی ئیسرائیل تا ئێستا دەیان کەسی مەدەنی و ژن و منداڵ کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش برینداربوون".

 جێی باسە کە "ڕوحوڵڵا موتەفەکرئازاد"، ئەندامی کۆمیسیۆنی پەروەردەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە، لە ئێران خەڵک خەریکی بەڕێوربردنی زەماوەندن و دۆخی ژیانی خەڵک ئاساییە، بەڵام نێتانیاهوو خۆی حەشار داوە و بێسەروشوێنە.
قسەی ئەم کاربەدەستەی ڕێژیم ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئیسرائیل کاری بە سەر خەڵکی مەدەنی و ژیانیاندا نییە و ئامانجی تەنیا مۆرەکان و شوێن و دامەزراوەکانی سەر بە ڕیژیمی ئێرانە، بەڵام بە پێچەوانەوە ڕێژیمی ئێران هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل و تا ئيستا تەنیا خەڵکی ئاسایی کردووەتە ئامانج.