کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شیراز و ئیسفەهان لە ژێر تەوژمی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیلدان

18:35 - 25 جۆزەردان 2725

ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردان، چەند تەقینەوەیەکی گەورە لە شارەکانی شیراز و ئیسفەهان ڕووی دا.
لە نوێترین وێنە و گرتە ڤیدیۆکان لەم دوو شارەدا دەرکەوتووە کە دووکەڵێکی گەورە لە چەند شوێنێکدا بەرەو ئاسمان دەچێت.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم وێنانە، میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاندووە کە پیشەسازیی ئەلیکترۆنیی شیراز کە وێدەچێت کارخانەی بەرهەمهێنانی کەرەستە ئێلێکترۆنیکییەکانی "سائیران" بێت، لەلایەن ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج.
کارخانەی سائیران، ژێر بەشی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامییە کە کەرەستە و کەلوپەلی ئێلێکترۆنیکیی سەربازیی بۆ هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرهرم دەهێنێت.
 هەروەها جێگری پارێزگاری ئیسفەهان ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ناوەندێکی سەر بە وەزارەتی بەرگری لەو شارە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێشتا ڕوون نەبووەتەوە ئەم شوێنە چەندە زیانی بەرکەوتووە.

لە گرتە ڤیدیۆییەکانی ئیسفەهانەوە دەرکەوتووە کە دوکەڵێکی گەورە بەرزبووەتەوە و زەنگی هۆشداری لێدراوە.

هەروەها هەندێک لە چاودێرانی سەربازی پێشبینیان کردووە کە بینا پێکراوەکەی ئیسفەهان ڕەنگە ناوەندی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان سانتێرفیوژ بووبێت.

کاتژمێر نزیک ٩ی پێش نیوەڕۆی یەکشەممە، ئەرتەشی ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی بۆ هاووڵاتییان لە ئێران دەرکرد و ڕایگەیاند کە خۆیان لە دامەزراوە سەربازییەکان دوور بخەنەوە.
چەند خولەکێک پاش هۆسدارییەکانی ئیسرائیل، چەند شوێن لە ئیسفەهان و شیراز کرانە ئامانج.