کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەراقچی: ئێران لە بنەڕەتدا ئەم شەڕەی نەویستوووە

18:39 - 25 جۆزەردان 2725

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزانی بیانی لە تاران وتی: "ئیسرائیل هێڵێکی سووری نوێی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بەزاند، ئەویش هێرشکردنە سەر دامەزراوەیەکی ئەتۆمی بوو، ئەمە پێشێلکارییەکی زۆر جیددییە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە هەموو بارودۆخێکدا قەدەغەیە، بەڵام بەداخەوە ڕووبەڕووی بێهەڵوێستیی شورای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بووینەتەوە".

عەباس عەراقچی هەروەها هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر عەسەلویەی بە درێژکردنەوەی گۆڕەپانی ململانێکان بۆ ناوچەی کەنداو لە قەڵەم دا و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم کارە وێدەچێت بە مەبەست و بە ئامانجی بەربڵاوترکردنی شەڕەکە بۆ دەرەوەی خاکی ئێران ئەنجام بدرێت".

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئێران خوازیاری تەشەنەسەندنی شەڕ نییە مەگەر بە زۆر بەسەریدا بسەپێندرێت و وتیشی: ''ئێمە لە بنەڕەتدا ئەم شەڕەمان نەدەویست و سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەمان سەرقاڵی بەڕێوەبردنی دیپلۆماسی بووین".

جیا لەم قسانە عەراقچی، ژمارەیەک لە سەرچاوە متمانەپێکراوەکانی جیهان باسیان لەوە کردووە کە سینگناڵگەلێک لەلایەن بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە کە داواکارن لە کۆمەڵگای جیهانی بە زووترین کات پێش بە هێڕشە قورسەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران بگرن.

ئیسرائیل لە ماوەی کەمتر لە سێ ڕۆژدا خەسارێکی بە ژێرخان و بنکە سەربازییەکانی ڕێژیم گەیاندووە کە بە وتەی کارناسان لە هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بێوێنە بووە.