کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مانگی مەی ئەمساڵدا ١٦٣ زیندانی لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون

11:49 - 12 جۆزەردان 2725

بەپێی ئاماری ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی "هەنگاو" لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ١٦٣ زیندانی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون کە بە بەراورد لەگەڵ هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، ٩٦ حاڵەت کە یەکسانە بە ١٤٣٪ زیادی کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لەو مانگەدا سزای لەسێدارەدانی لانیکەم ٢٦ زیندانیی کورد جێبەجێ کراوە کە بەرامبەر بە ١٦٪ی کۆی گشتیی حاڵەتەکانە.

هەروەها لە مانگی مەی ساڵی ڕابردوودا، ٤٨ زیندانیی فارس، ٢١ زیندانیی لوڕ، ٢٠ زیندانیی بەلووچ، ١٨ زیندانیی تورک، ٧ هاووڵاتیی ئەفغانستانی، ٦ زیندانیی عەرەب، ٢ زیندانیی تورکمان، ٢ زیندانیی گیلەک و ٢ زیندانیی سیستانی لە سێدارە دراون.

هەروەها لە مانگی ڕابردوودا زۆرترین لەسێدارەدان پێوەندی بە تاوانی کوشتنەوە بووە کە ٨٠ حاڵەت بووە، لە دوای ئەو تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان ٧٦ حاڵەت، دەستدرێژی سێکسی ٦ حاڵەت، دزی بەچەکەوە ٢ حاڵەت، و چالاکیی سیاسی ١ حاڵەت تۆمار کراوە.

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە لە کۆی گشتیی ١٦٣ زیندانی کە لە مانگی مەی لە سێدارە دراون، تەنیا ٦ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەسەڵاتی بەناو دادوەری ڕاگەیەندراون و سزای لەسێدارەدانی ٤ زیندانی بە نهێنی و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان یان هەبوونی مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بەڕێوە چووە.