
دوابەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی و هاوکات وڵامدانەوەی ڕێژیم بەم هێرشانە، خەڵکانی ئێران نیگەرانی دۆخی ژیان و ئاسۆی ژیانی خۆیانن.
بەپێی زانیارییەکان لە شارەکانی ئێران و بەتایبەتیش لە کوردستان، نیگەرانیی خەڵک لە پێوەندی لەگەڵ ئەم شەڕەدا زۆر بووەتەوە و ئەمەش گرانبوون و کەمیی هەندێ کەلوپەلی پێویستی بە دواوە بووە.
لە زۆربەی فرۆشگەکان برنج و هەندێک شتی تر دەست ناکەوێ و لە هەندێک لە شارەکانیش فەرماندارییەکانی ڕێژیم نانەواکانیان ئاگادار کردوونەتەوە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ گاز و کارەبا نابێت و لە کاتژمێر ١٢ی شەوەوە نانەواییەکان کراونەتەوە و خەڵک بۆ وەرگرتنی نانی پێویست ڕیزی دوورودرێژیان بەستووە.
هاوکات لەگەڵ ئەمەش نەبوونی گاز وای کردووە کە پاش ساڵانێک لە کەڵکوەرگرتنی خەڵک لە گازی شاری خەڵک پەنا ببەنەوە بەر کەپسوولی گاز و هەوڵ بۆ دەستخستنی کەپسوولی گاز بدەن.
هاوکات لەگەڵ ئەمە، پۆمپ بنزینەکانیش قەرەباڵغییان پێوە دیارە و خەڵک خەریکی پاشەکەوتی پێداویستییەکانی خۆیانن.
لەم کاتەدا هەندێ کەسی بەرژەوەنیدیخوازیش بە کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکە خەریکی پڕکردنی گیرفانی خۆیانن و کەلوپەلی پێویستی خەڵک بە گرانتر دەفرۆشن کە نەبوونی مودیرییەتی قەیران لای کۆماری ئیسلامیش زیاتر دۆخەکەی خراپ کردووە.