
دوابەدوای هێرشە بەرفراوانەکەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی ئێران، ژمارەیەک باڵیۆزخانەی وڵاتان لە تاران ڕێوشوێنی خۆپارێزییان گرتووەتە بەر، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەڵسەنگاندنی ئەوان بۆ ئاسایشی تاران و ئەگەری بەردەوامی یان پەرەسەندنی ململانێکانە.
بۆ نموونە باڵیۆزخانەی هندووستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و هاوڵاتییانی خۆی ئاگادار کرد کە خۆیان لە گەشتە ناپێویستەکان بەدوور بگرن و لە شوێنی پارێزراودا بمێننەوە.
باڵیۆزخانەی چین سەبارەت بە دۆخی ئاڵۆز و مەترسیداری ئێران هۆشداری دا و داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد لە ناوچە قەرەباڵغ و مەترسیدارەکان دوور بکەونەوە.
هەروەها هەندێک لە باڵیۆزخانەکان چالاکییەکانیان کەم کردووەتەوە یان ڕایانگرتووە، هەرچەندە ئەم بڕیارانە زیاتر بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی بوون.
هەروەها هەندێ سەرچاوەی نافەرمی ئاماژەیان بە داخستنی باڵیۆزخانەی هولەند لە تاران کردووە، بەڵام هێشتا ئەم هەواڵە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
هەرچەندە ئەم ڕێوشوێنانە سنووردار و بە مەبەستی خۆپارێزییە، بەڵام لە ڕوانگەی ئەمنییەوە پەیامێکی ڕوونیان هەیە ئەویش بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری ناسەقامگیریی زیاتری تاران و ناوچەکەیە.
هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەک تەنیا لە بواری سەربازییەوە، بەڵکوو کاریگەریی لە سەر بواری دیپلۆماسیش داناوە و ڕەنگدانەوەی ئەو کاریگەرییە لە ڕێوشوێنی باڵیۆزخانەکانی ناو ئێراندا دیارە.
هەر لەم پێوەندییەدا، هەواڵدەریی تەسنیمی سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە چوونەدەرەوەی خوێندکارە بیانییەکان لە ئێران بە ئەکرێ لە سنووری زەمینییەوە و بە بێ وەرگرتنی مۆڵەت جێبەجێ بکرێ.
بە وتەی تەسنیم هاواهەنگییەکە لە نێوان ڕێکخراوی کاروباری خوێندکاران و پۆلیسی کۆچ و پاسپۆرتی فەراجادا کراوە .
لە کاردانەوە بە پێشهاتەکانی ئەم دواییە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ میوانداریی باڵوێز و سەرۆکی نوێنەرایەتییەکانی وڵاتانی دەرەوەی نیشتەجێی تارانی کرد و لەم دیدارەدا جەختی لە نایاسایی بوونی هێرشەکانی ئیسرائیل و مافی ڕەوای بەرگریی کۆماری ئیسلامی ئێران کردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتیوانی لە بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری نەتەوەیی و ئاسایشی ناوچەکە بن.
ئەم دیدارە نیشانەیەکی ڕوونە لە هەوڵەکانی تاران بۆ پاراستنی کەناڵە دیپلۆماسییەکان لە هەلومەرجی قەیراناوی ئێستایدا.