
ئەرتەشی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران مووشەک هەڵگرەکانی خۆی لە ژینگەی شار و ناوچەکانی نیشتەجێبوون لە دڵی تاران جێگیر کردووە و گیانی خەڵکی مەدەنیی خستووەتە ژێڕ مەترسییەوە.
لەم گرتە ڤیدیۆیەدا کە بە خێرایی لە سۆشیال میدیا دووبارە بڵاوکرایەوە، چەند گەڕەکێک ناو دڵی پێیتەختی ئێران وەک شوێنی هەڵدانی مووشەک دەستنیشان کراون، ئەو شوێنانەی کە لە نزیک ماڵی خەڵکی ئاسایی و لە ناوچە چڕەکانی دانیشتوواندان.
کارناسان ئەم کارە بە دووبارەبوونەوەی نمونەی مەترسیدار و دژە مرۆیی گرووپەکانی وەک حەماس دەبینن کە چەندین جار ناوچەی نیشتەجێبوونیان لە غەززە بۆ هێرشەکانیان بەکارهێناوە. سیاسەتێک کە ژیانی هەزاران هاووڵاتی مەدەنیی خستووەتە ژێر مەترسییەوە و گۆڕەپانی بۆ هێرشی کوشندە دابین کردووە.
کۆماری ئیسلامی بە ڕوانگەیەکی لەو شێوەیە نەک گیانی خەڵک ناپارێزێت، بەڵکوو لەهەوڵدایە قەڵغانی مرۆیی بۆ پاراستنی هێز و مووشەکەکانی خۆی دروست بکات.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پێشتر ڕایگەیاندبوو کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، بۆ مانەوەی خۆی، خەڵکی تارانی بە بارمتە گرتووە.
لە ئێستادا و لەم گرتە ڤیدیۆیەدا دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی هاوشێوەی میلیشیاکانی خۆی لە ناوچەکەدا، بە قەڵغانی مرۆیی، پارێزگاری لە چەکوچۆڵ و هێزەکانی خۆی دەکات.
تا ئێستا بەرپرسانی فەرمی ئێران وەڵامی ئەو گرتە ڤیدیۆییەیان نەداوەتەوە.