کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی دوو شەهیدی کوردستان لە ناوچەی سەردەشت

12:07 - 12 جۆزەردان 2725

ڕۆژی شەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٤٠٤، خاتوو مروەت دەروێشی دایکی دوو شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

خاتوو مروەت لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و حیزب خۆشەویستدا گەورە بووە و هاوسەرەکەی بە ناوی حاجی حەمەحەسەن لە ڕاپەرینی ئەمەرپاشای قەلەڕەشی بەدژی زوڵم و زۆری ڕەزاشا، دەوری بەرچاوی هەبووە و لە جووڵانەوە پڕشکۆیەکەی ساڵانی ٤٦-٤٧ لە باوەرپێکراوانی مەلائاوارەی شەهید بووە و ماڵ و مەزراکەی حەشارگەی تێکۆشەرانی ئەوکات بووە و لەم ڕاستایەشدا دایە مروەت خزمەتی زۆری کردووە.

دوو کوڕی دایە مروەت بە ناوەکانی عومەر و ئەبووبەکر شەریفپوور چەکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان کردووەتە شان و جوونەتە ڕیزی کاروانی شەهیدانەوە.

کاک عومەر لە ڕۆژی ١٤ی خەرمانانی ١٣٦١ لە دەشتی کەپران لە شەڕ و بەرگرییەکی قارەمانانە لەگەڵ لەشکری جەهل و نەزانی شەهید بووە.

دە مانگ دواتر واتا لە ڕۆژی ٢ی پووشپەڕی ١٣٦٢دا ئەبووبەکری کوڕی لە شەڕێکی قارەمانانە و دەستەویەخە لە گوندی دۆڵەگەرم لە کاتێکدا کە لەلایەن هێزی زۆری دوژمنەوە گەمارۆ دەدرێ تا دوا فیشەک شەڕ دەکا و بەداخەوە شەهید دەبێ.

دایە مروەت هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی کوڕە شەهیدەکانی مایەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.