
سپای پاسداران بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان، شەپۆلێکی نوێی هێرشی مووشەکیی بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی دەزگای فریاگوزاریی ئیسرائیل، ''ئەستێرەی سووری داوود''، لەو هێرشەدا سێ کەسی سەروو تەمەنی ٧٠ ساڵ گیانیان لەدەست داوە و دەیان برینداریش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، هێرشی مووشەکی بۆ سەر حەیفا بووتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە وێستگەیەکی کارەبا. شیرکەتی کارەبای ئیسرائیل ڕایگەیاند، کار لەسەر زیانەکانی تۆڕی کارەبای نێوخۆیی دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتی کۆمپانیی دەریایی "ئێمبری"، لەم هێرشە مووشەکییانەدا. ژێرخانەکانی بەندەری حەیفا کراونەتە ئامانج.
هەروەها لەم هێرشانەدا، باڵەخانەکانی نیشتەجێبوون لە تێلاڤیڤ کەوتوونەتە بەر لێدان.
سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە هێرشە مووشەکییەکەی سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممەدا، ڕێووشوێنی نوێ بەکار هێنراوە و سیستمی بەرگریی ئیسرائیل، پەکی خراوە.
بە دوایین کوژراوانی ئیسرائیلیشەوە، ژمارەی کوژراوانی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئەو وڵاتە لە ڕۆژی هەینیەوە گەیشتووەتە 17 کەس.
هەروها بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە هێرشەکانی ئیسرائیل تا ئێستا لانیکەم ٢٢٤ کەس کوژراون.