کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل خوازیاره‌ ئه‌مریکا به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ هێرش بکاته‌ سه‌ر ڕێژیمی ئێران

10:41 - 26 جۆزەردان 2725

له‌ دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل به‌ شێوه‌ی جیددی داوای له‌ دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا کردووه‌، به‌ مه‌به‌ستی له‌نێوبردنی برنامه‌ ناوکییەکانی کۆماری ئیسلامی، پێوەست بێت به‌ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامه‌زراوه‌ی ناوکیی فۆردۆ.

ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ ٢٥ی جۆزه‌ردان، له‌ سێهه‌مین ڕۆژی هێرشی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ڕێژیمی ئێران، ماڵپه‌ڕی "ئاکسیۆس" له‌ زاری به‌رپرسێکی ئیسرائیله‌وه‌ بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌ که‌ ئیسرائیل هه‌وڵ ئەدات ئه‌مریکا به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ لە شەڕەکە تێوە بگلێنێت.

ئیسرائیل داوای له‌ کۆشکی سپی کردووه‌، ئه‌رته‌شی ئه‌مریکا هێرش بکاته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ی فۆردۆ که‌ له‌ هه‌ڵکه‌وته‌یه‌کی ئەستەم له‌ دڵی شاخێکدا هه‌ڵكه‌وتووه و دەبێت‌ له‌ ڕێگه‌ی بۆمبی سه‌نگه‌رشکێن و بۆمبهاوێژه‌ گه‌وره‌کانی وەک "بی ٢" بکرێتە ئامانج.

ئه‌و داواکارییه‌ی ئیسرائیل له‌ کاتێکدایه‌ که‌ چه‌ندین جار ئیسرائیل به‌ مه‌به‌ستی لێدان و زیانگه‌یاندن به‌و دامه‌زراوه‌یه‌ هێرشی ئه‌نجام داوه‌ و تێیدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌.

شایانی باسه‌ زانیارییه‌کان باس له‌وه‌ ده‌که‌ن کە ئه‌مریکا لە هەوڵێکی نوێدا، ژمارەیەکی زۆر لە فڕۆکە سووته‌مه‌نیبه‌رەکانی هێزی ئاسمانیی ڕه‌وانه‌ی ئورووپا کردووه‌.