کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی و بنەماڵەکەی لە پەناگایەک لە تاران خۆیان حەشارداوە

10:46 - 26 جۆزەردان 2725

بەپێی ڕاپۆرتەکان دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ٢٣ی جۆزەردان، عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕیژیم، بۆ پەناگایەکی ژێرزەمینیدا لە لویزان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تاران ڕاگوێزراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە هەموو ئەندامانی بنەماڵەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، لەوانە موجتەبا خامنەیی، لەم پەناگەیەدا خۆیان حەشار داوە.

سەرچاوەیەکی دیپلۆماتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر مەشهەد هۆشدارییەکە بۆ خامنەیی کە گیانی لە هیچ شوێنێکی ئێراندا لە ئەمنییەتدا نابێت.

ئەو سەرچاوە باسی لەوە کرد، ئیسرائیل دەیتوانی هەر لە یەکەم شەوی ئۆپەراسیۆنەکەدا خامنەیی لەنێو ببات، بەڵام ئیسرائیل بڕیاریدا بە زیندووی بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی کە دەرفەتی کۆتایی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بدات تاکوو لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوی بەرنامەکانی پێتاندنی وزەی ناوکی بڕیار بدات.

دۆناڵد ترامپ دوو مانگ مۆڵەتی بە خامنەیی دابوو تا لە کاتی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕازی بێت کە پیتاندنی وزەی ناوکی هەڵبووەشێنێتەوە، بەڵام ڕێبەری کۆماری ئیسلامی چاوپۆشیی لە هۆشدارییەکانی ترامپ و ئیسرائیل کرد.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، جارێکی دیکە دەرفەت بە خامنەیی دراوە کە فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ناوکی دەر بکات و لە ئەگەرێکدا بە ڕێککەوتن بگەن.