
هاوکات کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران پێی ناوەتە چوارەمین ڕۆژی خۆیەوە و هەر دوو لایەن لە ماوەی شەو و ڕۆژی ڕابردوو بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان، ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک ڕایگەیاندووە کە لە چەند هێرشێکی ورددا بنکەکانی فەرماندەیی سەر بە سپای قودسی لە تاران کردووەتە ئامانج.
لە هەواڵەکەدا هاتووە کە ئەم ناوەندە فەرماندەییانەی لقی قودسی سپای پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە هێزە میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەردەوام هێرشی تیرۆریستییان لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل ئەنجام داوە.
ئیسرائیل نەخشەی ئەو ناوەندانە سپای قودسی لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بە دە شوێن لە تاران کردووە کە ئەم بنکانەی تێدا کراوەتە ئامانج.
هەروەها ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ئۆپەڕاسیۆنی هێزی ئاسمانیی خۆی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بە دۆزینەوە و لە نێوبردنی پێگەیەکی هاوێشتنی مووشەکی زەوی بە ئاسمانی ئێرانی کرد.
ئیسرائیل جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ بەدەستهێنانی دەستی باڵا لە ئاسمانی هەموو ئێراندا.