کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی کەسێکی بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دا

11:39 - 26 جۆزەردان 2725

هەواڵدەریی ''میزان'' سەر بە دەزگای دادی ڕێژیمی ئیران، بڵاوی کردەوە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان، ئیسماعیل فیکری کوڕی خودانەزەر، بە تۆمەتی هاوکاریی ئیتلاعاتی و سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە سێدارە دراوە.

هەواڵدەریی میزان ئیدعای کردووە کە ئیسماعیل فیکری دوای پێوەندیکردن بە مووسادەوە، هەوڵی داوە زانیاری نهێنی و هەستیار سەبارەت بە ئێران ڕادەست بکات و لە بەرامبەردا پارەی وەرگرتووە.

فکری کە تا ئێستا هیچ وێنەیەکی بڵاونەکراوەتەوە، لە مانگی سەرماوەزی ١٤٠٢ دەسبەسەر کراوە و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش چەند حەفتەیەک لەمەوبەر ڕایانگەیاندووە کە بە پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی ئەو و موحسێن لەنگەرنەشین، لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ زیندانی قەزڵحسار لە شاری کەرەج گواستراونەتەوە.

لەکاتێکدا کە ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل توانای بەرگریکردنی نییە، لە سێدارەدانی خەڵکی خۆی وەک کاردانەوە بە دژی ئیسرائیل کەڵک وەردەگرێت.

لەسێدارەدانی ئیسماعیل فیکری لەم ڕووەوە، کردەوەیەک نییە دژی ئیسرائیل، بەڵکوو شانۆیەکە بۆ نێوخۆ و پەیامێکی هەڕەشەئامێزە بۆ نەیارانی ڕژیم لە نێوخۆدا.