کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: دانیشتوانی تاران باجی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەدەن

11:50 - 26 جۆزەردان 2725

یێسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پەیامێکدا بە ئاماژەدان لە بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مەدەنیی ئیسرائیل لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە نووسی: دانیشتوانی تاران لە کاتێکی نزیکدا باجی ئەو هێرشانە ئەدەن".
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە دیکتاتۆر و بکوژێکی ترسنۆک زانی و نووسی: "خامنەیی خەریکە بە شێوەیەکی ئامانجدرا خەڵکی مەدەنیی ئیسرائیل دەکاتە ئامانج".

هەڕەشەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ سەر هاووڵاتییانی تاران لەکاتێکدایە کە ئەم وڵاتە چەندین جار ڕایگەیاندەوە کە ئامانجی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، تەنیا ناوەند و دامەزراوە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی ئێرانە.
لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لانیکەم ١٩ کەس کوژران، بەڵام تا ئێستا کاربەدەستانی ئێران ژمارەی تەواوی کوژراو و بریندارەکانی هێرشەکانی ئیسرائیلیان نەخستەڕوو.
 گرووپێکی مافی مرۆڤ کە بنکەکەی لە ئەمریکایە و چاودێریی بارودۆخی ئێران دەکات، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لانیکەم ٤٠٦ کەس کوژراون و ٦٥٤ کەسیش بریندار بوون.
هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئێوارەی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردان لە هەژماری ئێکسی خۆیدا نووسی: "تەنیا لە سێ هێرشدا زیاتر لە ٧٠ ژن و منداڵ کوژراون".
 جێی ئاماژەیە کە ئەم ئامارە تاکوو ئێستا بەفەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.