
لە درێژەی سەرکوتی بەربڵاوی چالاکانی سەندیکای مامۆستایان لە کوردستان، ١٥ کەس بە تۆمەتی ساختە بانگی دادگای تاوانەکانی سنە کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "چاونیووز"، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی جۆزەردان ، ١٥ چالاکی یەکیەتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بانگی لقی ١٠٩ی دادگای تاوانەکانی سنە کراون.
ناسنامەی ئەم چالاکوانانەی سەندیکای مامۆستایان پشتڕاست کراوەتەوە کە بریتین لە شەهریار نادری، ئارام ئیبراهیمی، محەممەدڕەزا مورادی، سەلاحەدین حاجی میرزایی، بێهزاد قەوامی، سەیدغیاس نعمەتی، ڕەزا تەهماسبی، سادق کەنعانی، مەجید کەریمی، موختار ئەسعەدی، فاتمە زەندکەریمی، نەسرین کەریمی، فەیسەڵ نووری، ڕزگار حەیدەری، و کوورش عێزەتی ئەمینی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو چالاکوانانە دەبێت تا ڕێکەوتی ١٩ی جۆزەردان بۆ دوایین بەرگریکردن لە خۆیان لە لقی ئاماژەپێکراو ئامادە بن.
شایانی باسە، دادستانی گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە سنە، لە ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٣دا بە تۆمەتبارکردنی ئەو مامۆستایانە بە تۆمەتی بەشداری لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی جۆزەردانی ١٤٠١دا داوای سەپاندنی سزا بەسەر ئەو چالاکوانانەی سەندیکای مامۆستایانی کردووە.