کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕیزی دوورودرێژ لە پۆمپی بێزینەکانی تاران و هەوڵی خەلک بۆ جێهێشتنی ئەو شارە

19:15 - 26 جۆزەردان 2725

کاناڵی "سی ئێن ئێن" بڵاوی کردووەتەوە کە ڕیزی درێژی ماشینەکان لە بەردەم بێنزینخانەکانی سەرتاسەری تاران دروست بووە و دانیشتووانی ئەم شارە بەهۆی هێرشەکانی ئەو چەند ڕۆژە لە ئیسرائیل ترساون و هەوڵی جێهێشتنی پێیتەخت ئەدەن.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو کاناڵە، بەهۆی کەمیی بێنزین لە بێنزینخانەکان، چاوەڕوانی لە ڕیزە درێژەکاندا بۆ وەرگرتنی بێنزین بووەتە ڕەوتێکی ماندووکەر.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردان، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ڕیزە درێژەکانی بەنزینخانەکانی لە تاران بڵاو کردووەتەوە کە لە بەشێکی ئەو گرتە ڤیدیۆییەدا هاووڵاتییەک دەڵێت: "خەڵک نیگەرانن و زۆربەی ئەو بێنزینخانانە قەرەباڵغن، چونکە شارەکە بەجێ دەهێڵن".

یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی تاران بە ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە: "ئێمە هیچ پەناگایەکمان نییە، هەموو شارەکە هیچ پەناگایەکی نییە، لەوە ناچێت کە هیچ شوێنێک هەبێت خەڵک بە خێرایی بگاتە ئەوێ".

پۆلیسی هاتووچۆ ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە هەموو دەرگاکانی دەرچوون لە تاران لەوان ڕێگاکانی هەراز، تاران – کەرەج، ڕەشت- قەزوین و تاران- قوم ڕووبەڕووی ترافیکی قورس بوونەتەوە.

لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران خەڵک بەتایبەت لە شاری تاران ڕووبەڕووی گرفت و کێشەی جیددی لەوانە پچرانی ئاو، کارەبا و کەمیی بێنزین و ترس و نیگەرانییەکی زۆر بوونەتەوە. هەروەها لە زۆربەی شارەکانی ئێران هێلێ ئینتێرنێت پچراوە.