کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داخرانی بوورس و بازاڕە داراییەکان تا ئاگادارکردنەوەی دواتر لەلایەن ڕێژیمەوە

19:33 - 26 جۆزەردان 2725

فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی دەوڵەتی پزیشکیان، بە ئاماژەدان بە بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بۆ پاراستنی داراییەکانی خەڵک، بازاڕی بوورس و بازاڕە داراییەکان تا ئاگادارکردنەوەی دواتر دادەخرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە سەرەتای شەڕەوە نرخی دۆلار و دراوی بیانی بەرزبووەتەوە.
 نرخی دۆلار لە بازاڕی نافەرمیدا لە ڕۆژی هەینی ٢٣ی جۆزەردانەوە تاکوو ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی جۆزەردان، گەیشتووەتە زیاتر لە ٩٣ هەزار تمەن.

ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو، پێش دەسپێکی شەڕ، زیاتر لە ١٣ هەزار تمەن بەرزتر بووەتەوە.
هەروەها نرخی یۆرۆ بە ڕەوتێکی هاوشێوەی دۆلاردا تێپەڕیوە و گەیشتووەتە نزیکەی ١٠٨ هەزار تمەن و ئەمەش ڕەنگدانەوەی بێمتمانەیی بازاڕە بە داهاتووی ئابووریی ئێران و پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی سەبارەت بە بەردەوامبوونی گرژییە سەربازییەکان.
هاوکات بازاڕی سەرمایەی ئێران بە تەواوی بێدەنگە و بازاڕی بوورسی تاران، بازاڕی فەرابوورسی ئێران، بوورسی کاڵای ئێران و هەروەها بوورسی وزەی ئێران لە ئێستادا داخراون.