کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئیسرائیل: بەرنامەی توکمەمان بۆ لەنێوبردنی بەرپرسانی ئێران هەیە

19:35 - 26 جۆزەردان 2725

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بەوە کە وڵاتەکەی بەتەواوەتی بەسەر ئاسمانی تاراندا زاڵ بووە، وتی: "هێرشەکان لە دژی مووشەکەکانی زەوی بە زەوی لە ئێران بەربڵاوتر دەکەین".
ئەم بەرپرسە ئیسرائیلییە لە درێژەدا زیادی کردووە کە تاکوو ئێستا ٢٠ پێگەی هێزەکانی لقی قودسیان کردووەتە ئامانج.

وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە بەئامانجگرتنی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی زیادی کردووە کە ئەوان بەپێی پلانێکی تۆکمە و و بەردەوام کار لە سەر ئەو بابەتە دەکەن.
لەو پێوەندیەدا ئیسماعیل کەوسەری، ئەندامی کۆمیسیۆنی مەجلیسی ڕێژیم، وتوویەتی: ''لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا نەک تەنیا بەرپرسانی حکوومەت بەڵکوو خێزانەکانیان زیانیان بەرکەوتووە".

کەوسەری خوازیارە کە پاراستنی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی گرینگییەکی زیاتری لە وەها دۆخیکدا پێ بدرێت.

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە کوژرانی بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و کاربەدەستانی نیزامیی ڕێژیمی ئێران زەربەیەکی گەورەی لە هەڵسەنگاندنی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە گۆڕەپانەکەدا داوە.